رووداو دیجیتاڵ
سەرپەرشتیاری وەزارەتی بەرگریی ئێران لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ وەزیری بەرگریی تورکیا رایگەیاند: "تاران هیچ متمانەیەکی بە ئەمریکا نییە و تەواو ئامادەیە بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر پێشێلکارییەکی رێککەوتنی ئاگربەست. هەروەها پێشنیازی پێکهێنانی هاوپەیمانێتی وڵاتانی ئیسلامی دەکات.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی پەیوەندییە گشتییەکانی وەزارەتی بەرگری و پشتیوانیی هێزە چەکدارەکانی ئێران، مەجید ئیبن رەزا، سەرپەرشتیاری وەزارەتی بەرگریی ئێران، ئەمڕۆ 3ی ئابی 2026، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ یەشار گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیا، باسیان لە دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە، پرۆسەی جێبەجێکردنی ئاگربەست و بەهێزکردنی هاوکارییە بەرگری و ئەمنییەکانی نێوان تاران و ئەنقەرە کرد.
ئیبن رەزا، لە پەیوەندیی تەلەفۆنییەکەیدا لەگەڵ وەزیری بەرگری تورکیا، ئاماژەی بە رێککەوتنی ئاگربەست کرد و گوتی: "کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەم رێککەوتنەی بە مەبەستی یارمەتیدان بۆ گەڕانەوەی سەقامگیری لە ناوچەکە و بە داوای وڵاتانی دۆست و دراوسێ ئیمزا کردووە، بەڵام بە پێی ئەو مێژووە دوورودرێژەی پەیمانشکێنیی ئەمریکا، هیچ متمانەیەکمان بە لایەنی بەرامبەر نییە."
ئیبن رەزا جەختی کردەوە هێزە چەکدارەکانی ئێران لە ئامادەییی تەواودان، بۆ ئەوەی رووبەڕووی هەر پێشێلکارییەکی رێککەوتنەکە ببنەوە.
سەرپەرشتیاری وەزارەتی بەرگریی ئێران ئاماژەی بە پێشنیازی وڵاتەکەی کرد بۆ پێکهێنانی "یەکێتیی ئاسایشی جیهانی ئیسلامی" بە بەشداریی وڵاتانی وەک ئێران، تورکیا، پاکستان،سعودیە، میسر و وڵاتانی دیکەی ئیسلامی و گوتی: "جەنگی ئەم دواییە دەریخست دەبێت ئاسایشی ناوچەکە لەلایەن وڵاتانی ناوچەکەوە دابین بکرێت."
ئەو بەرپرسەی ئێران ئاماژەی بەوەش کرد، ئامادەیی هێزە دەرەکییەکان نەک هەر ئاسایش بۆ ناوچەکە ناهێنێت، بەڵکو دەبێتە هۆی زیاتربوونی بێمتمانەیی.
پێشتر لە 21-06-2026 سەرپەرشتی وەزارەتی بەرگری ئێران لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ وەزیری بەرگری پاکستان، خاجە محەممەد عاسف، پێشنیازی ئێرانی بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانیی ئیسلامی خستبووەڕوو.
ئێران و ئەمریکا یەکدی بە پێشێلێکردنی لێکتێگەیشتنەکەی نێوانیان تۆمەتبار دەکەن کە لە 18ی حوزێرانی 2026ــەوە، بەنێوەندگیری وڵاتی پاکستان واژۆ کرابوو.


