رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت، ئێستا هیچ دانوستاندنێک لەنێوان وڵاتەکەی و ئەمریکا نییە؛ ئاماژە بەوەشدەکات، کاتێک تەنگەی هورمز دەکرێتەوە کە گەمارۆ دەریاییەکانی سەر بەندەرەکانی باشووری ئێران هەڵبگیرێن و کۆتایی بە هێرشەکانی ئەمریکا بهێندرێت.
رۆژی دووشەممە، 3ـی ئابی 2026، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنفرانسی رۆژنامەڤانیی هەفتانەیدا باسی لە پرسی دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا کرد و رایگەیاند، "ئێستا هیچ دانوستاندنێک لەنێوان تاران و واشنتن لە ئارادا نییە".
بەگوتەی ئیسماعیل بەقایی، دانوستاندنەکانیان تەنیا لەگەڵ عومانن و تایبەتن بە گەیشتن بە لێکتێگەیشتنێک بۆ دیاریکردنی "رێڕەوێکی سەلامەت"ـی کەشتیوانی لە تەنگەی هورمزدا.
"تەنیا یەک رێڕەو بۆ جووڵەی کەشتییەکان دیاریدەکرێت"
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران وردەکاریی گفتوگۆکانی لەگەڵ عومان خستەڕوو و گوتی، "دانوستاندنمان لەسەر ئەوە کردووە رێڕەوی باشوور کە لە سنووری ئاوی عومانەوە تێدەپەڕێت و رێڕەوی باکوور کە لە سنووری ئاوی ئێراندایە، بگۆڕدرێن بۆ رێڕەوێکی هاوبەش کە دابینکەری بەرژەوەندییەکانی هەردوو وڵات و هاتووچۆی سەلامەتی کەشتییەکان بێت."
ئیسماعیل بەقایی ئەوەشی خستەڕوو، جووڵەی کەشتییەکان بە یەک رێڕەودا دەکرێت کە "تاوەکو ئەوکاتەی لەسەر رێڕەوێکی جێگیر و سەلامەت رێکدەکەوین، بڕیارە بەشێوەیەکی کاتی بەکاربهێندرێت."
"کۆتایی بە هێرشەکانی ئەمریکا نەهێندرێت، تەنگەی هورمز ناکرێتەوە"
تەنگەی هورمز کە دوای واژۆکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان ئێران و ئەمریکا کرابووەوە، لەدوای جەنگی ئەم دواییەی نێوان هەردوو وڵات، جارێکی دیکە لەلایەن ئێرانەوە داخراوە و داوا لە کەشتییەکان دەکات بۆ تێپەڕین مۆڵەت وەربگرن.
وەک دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندووە، راگرتنی هێرشە پلان بۆ داڕێژراوەکەی بۆ سەر ئێران بەستراوەتەوە بە کردنەوەی دەستبەجێی تەنگەی هورمز و کۆتاییهێنان بە پرۆگرامی ئەتۆمیی ئێران تایبەت بە دروستکردنی چەکی ئەتۆمی. گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئەوەشی خستەڕوو، "لێکتێگەیشتن لەسەر رێڕەوی سەلامەتی هاتووچۆی کەشتییەکان لە تەنگەی هورمز تەنیا لەنێوان ئێران و عومانە. راستە مەرجی پێویستە بۆ کردنەوەی تەنگەکە، بەڵام تەنیا مەرج نییە."
ئیسماعیل بەقایی باس لە هۆکارەکانی داخرانی تەنگەی هورمز دەکات و دەڵێت، رێڕەوە ئاوییەکە بەهۆی جیاوازیی بۆچوون لەنێوان ئێران و عومان دانەخراوە، بەڵکو بەهۆی "دەستدرێژییە سەربازییەکان"ـی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە داخراوە.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران هۆشداریشدەدات، "ئەگەر سەرکێشییەکانی ئەمریکا و دەستدرێژییەکانی بۆ سەر ئێران بەردەوام بن، گەمارۆ دەریاییەکان هەڵنەگیرێن و پێشێلکارییەکانی ئەمریکا دووبارە ببنەوە، بێگومان سەبارەت بە دۆخی تەنگەی هورمز گۆڕانکارییەکی ئەوتۆ روونادات."
ئەوە لەکاتێکدایە، رۆژی یەکشەممە سەرۆکی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیاڵ نووسی، لەلایەن ئێران و چەند وڵاتێکی دیکەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستەوە داوای لێکراوە هێرشەکە رابگرێت تاوەکو دەرفەت بۆ رێککەوتن بڕەخسێت.
ترەمپ لەبارەی نێوەڕۆکی رێککەوتنەکە گوتی، "دەبێت رێککەوتنەکە کردنەوەی دەستبەجێ، تەواوەتی و هەمیشەیی تەنگەی هورمز لەخۆبگرێت، لەگەڵ کۆتاییهێنان بە هەڕەشە ئەتۆمییەکانی ئێران."
"گرنگی بە ئاسایش و سەروەریی عێراق دەدەین"
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئیسماعیل بەقایی ئاماژە بە هێرشە هاوبەشەکەی سعودیە و ئەمریکا دەکات بۆ سەر بارەگاکانی حەشدی شەعبی لە عێراق و دەڵێت، "هێرشەکەمان بەشێوەی جۆراوجۆر سەرکۆنەکرد. سعودیە لەم بوارەدا روونکردنەوەی داوە و دەڵێت بەشدار نەبووە، بەڵام مسۆگەرە ئەم تاوانە لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەش لەگەڵ ئەمریکا بووە و چەند هاووڵاتییەکی ئێرانیش تێیدا شەهید بوون."
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران جارێکی دیکە سەرکۆنەی هێرشەکەی ئەمریکا و سعودیەی کرد و رایگەیاند، "بێگومان ئاسایشی عێراق، پاراستنی سەروەریی نیشتمانیی وڵاتەکە و گیانی هاووڵاتییانی عێراقی بۆ ئێمە گرنگە."
بەهۆی جەنگی ئەمریکا و ئێرانەوە، عێراق و هەرێمی کوردستانیش بوونەتە گۆڕەپانی پێکدادانەکان. جیا لە هێرشەکەی سعودیە و ئەمریکا بۆ سەر عێراق، ئێرانیش بە پاساوی جۆراوجۆر، بەردەوام بووە لە بەئامانجگرتنی هەرێمی کوردستان.
بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو بۆ ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان، لە دەستپێکی جەنگەوە تاوەکو ئێستا بە 966 درۆن و مووشەک هێرشکراوەتە سەر هەرێمی کوردستان و لەو ژمارەیە 88ـیان لە مانگی حەوت و 16ـیان لە مانگی شەش بوون.
"ئەمریکا پێداگرە لەسەر بەرەنگاربوونەوەی ئێران"
لە بەشێکی قسەکانیدا بەقایی باسی لە بەردەوامیی گەمارۆ دەریاییەکانی سەر بەندەرەکانی وڵاتەکەی و سزای ئابووریی سەر کەشتی و کۆمپانیاکانی پەیوەندیدار بە ئێرانی کرد و گوتی، "ئەو هەڵوێستەی واشنتن دەرخەری ئەو راستییەیە کە سەرەڕای هەموو ئەو بانگەشانەی سەبارەت بە گرنگیی دیپلۆماسی دەیکات، هێشتا لەسەر بەرەنگاربوونەوەی ئێران پێداگرە."
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران هۆشداریشدەدات، "لە بەرامبەر سزا و گەمارۆکانی ئەمریکا، تارانیش هەر رێکاری پێویست بۆ بەرگریکردن لە سەروەری و بەرژەوەندییەکانی دەگرێتەبەر."



