رووداو دیجیتاڵ
رۆژنامەیەکی ئێران، بڵاونەکردنەوەی هیچ فایلێکی دەنگیی موجتەبا خامنەیی، رێبەری ئێران، بۆ "هۆکاری ئەمنی" دەگەڕێنێتەوە. رۆژنامەکە بانگەشەی ئەوەدەکات کە دەزگا هەواڵگرییە بیانییەکان دەتوانن زانیاریی زۆر هەستیار لە فایلە دەنگییەکان دەربهێنن کە یارمەتییان دەدات بۆ دیاریکردنی شوێن، باری تەندروستی و ژینگەی دەوروبەری.
ئەم روونکردنەوەیەی رۆژنامەی (هەمشەهری) کە سەر بە شارەوانیی تارانە و لەلایەن تیمێکی نزیک لە سوپای پاسدارانەوە بەڕێوەدەبرێت، دوای نزیکەی 5 مانگ لە نائامادەیی تەواوەتیی رێبەری نوێی ئێران دێت لە گۆڕەپانی گشتیدا. ئەمەش لەکاتێکدایە کە راپۆرتەکان ئاماژە بەوەدەکەن، موجتەبا خامنەیی لە هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە 28ـی شوباتدا برینداربووە، کە تێیدا عەلی خامنەیی باوکی و رێبەری پێشووی ئێران کوژرا.
مەترسییە تەکنەلۆژییەکان
رۆژنامەی هەمشەهری ئاماژەی بەوەکردووە، تەکنیکە نوێیەکانی شیکردنەوەی دەنگ دەتوانن تەنیا لە یەک فایلەوە، کات و شوێنی تۆمارکردن، جۆری ئامێرەکان و تایبەتمەندییە دەروونی و جەستەییەکانی قسەکەرەکە ئاشکرابکەن. بەپێی راپۆرتەکە، لێکۆڵینەوە لە دەنگدانەوەکان (Echo) رێگەدەدات قەبارەی ژوورەکە، بەرزیی بنمیچ و جۆری دیوارەکان دیاریبکرێت.
هەروەها باس لەوەکراوە، لەرینەوەی فریکوێنسیی تۆڕی کارەبا، کە وەک دەنگێکی لاواز لە تۆمارەکەدا دەبیسترێت، دەکرێت بەراوردبکرێت لەگەڵ داتاکانی کارەبای وڵات تاوەکو کاژێر و شوێنی جوگرافیی تۆمارکردنەکە دەستنیشانبکرێت. جگە لەوەش، هەر مایکرۆفۆنێک (مۆری تەکنیکی) تایبەت بەخۆی هەیە کە جۆری ئۆتۆمبێل یان ئامێرەکە ئاشکرادەکات.
رۆژنامەکە دەڵێت، تەنانەت دەنگی با، باڵندە، مێرووەکان و فڕۆکەکان دەبنە سەرەداو بۆ دەزگا هەواڵگرییەکان. لەڕووی بایۆلۆژیشەوە، شیکاریی قوڕگ و شێوازی هەناسەدان دەتوانێت لێدانی دڵ و ئاستی گوشاری دەروونیی رێبەر ئاشکرابکات، کە ئەمەش بۆ تاران هێڵی سوورە.
نادیارییەکی گوماناوی
موجتەبا خامنەیی لە 8ـی ئازاری 2026ـدا وەکو رێبەر هەڵبژێردرا، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ وێنەیەکی نوێ، پەیامی دەنگی یان ڤیدیۆیی بڵاونەکراوەتەوە و تەنانەت لە رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی باوکیشیدا ئامادەنەبوو.
سێ سەرچاوەی نزیک لەو بە ئاژانسی (رۆیتەرز)یان گوتووە، خامنەیی لە دەموچاو و قاچەکانیدا بەسەختی برینداربووە.
ناڕوونییەکان کاتێک زیاتربوون کە عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، لەوەتەی موجتەبا بووەتە رێبەر، راستەوخۆ نەیبینیوە. تەنیا مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆمار و عەلی عەبدوڵڵاهی، سوپاسالاری ئێران باسی دیداریان لەگەڵی کردووە، بەڵام بەبێ هیچ وێنە و بەڵگەیەک.
هەواڵگریی ئەمریکا و ئیسرائیل ناتوانن بیدۆزنەوە
لە کۆتایی مانگی تەممووزدا، رۆژنامەی (تایمز)ـی بەریتانی بڵاویکردەوە، دەزگا هەواڵگرییە ئەمریکایی و ئیسرائیلییەکان لە دۆزینەوەی شوێنی موجتەبا خامنەیی تووشی زەحمەتبوون؛ چونکە خامنەیی رێکارە ئەمنییەکانی گەیاندووەتە لووتکە و تەنیا رێگەی پەیوەندیی سنووردار بەکاردەهێنێت.
پسپۆڕانی ئەمنی دەڵێن، ئێستا گەڕان بەدوای خامنەییدا، تەنیا پشت بە "هەواڵگریی مرۆیی" دەبەسترێت، واتە چاودێریکردنی ئەو کەسانەی پەیامەکانی بۆ دەبەن و بۆی دەهێنن، نەک ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان.
ڤیدیۆیەکی رۆژنامەی (هەمشەهری) لە تەلەگرام جەختدەکاتەوە کە "بڵاوکردنەوەی تەنانەت چەند چرکەیەکی دەنگی خامنەیی، دەتوانێت زانیاریی زێڕین بداتە دەست دووژمن."



