رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری ئێران داوا دەکات، هەوڵ بدرێت بۆ پابەندکردنی ئەمریکا بە لێکتێگەیشتننامەی ئیسلامئاباد. بە گوتەی پزیشکیان، ئەو لێکتێگەیشتنەی لەنێوان تاران و واشنتندا واژۆ کراوە، "دەستکەوتی بیرکردنەوەی بەکۆمەڵی ئەندامانی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێرانە و هەموو ئەندامانی ئەنجوومەنەکە لەسەری هاوڕان."
شەوی یەکشەممە، 2ی ئابی 2026، مەسعود پزیشکیان، لە پەیامێکدا نووسیویەتی: "ئەو لێکتێگەیشتنەی کە واژۆ کرا، دەستکەوتی بیرکردنەوەی بەکۆمەڵی ئەندامانی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێرانە و هەموو ئەندامانی ئەم ئەنجوومەنە لەسەری هاوڕان."
بە گوتەی سەرۆککۆماری ئێران، ئەم لێکتێگەیشتنە دەبێتە بنەما و بنچینەی پەیوەندییە دەرەکییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە داهاتوودا و دەبێت ئەمریکا ناچار بکرێت کە پابەندی بێت.
پزیشکیان لەوبارەوە دەڵێ: "بڕوام وایە ئەم لێکتێگەیشتنە دەبێتە چەقی قورسایی پەیوەندییە دەرەکییەکانی ئێمە لە داهاتوودا. دەبێت هەوڵ بدەین بۆ ئەوەی دووژمن ناچار بکەین پابەندی ئەو شتە بێت کە واژۆی کردووە."
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، سەرۆککۆماری ئێران نووسیویەتی، "ئاسایشی ئێران، ناوچەکە و هاوپەیمانەکانی، بەم لێکتێگەیشتنە بەرزتر دەبێتەوە."
بە هەوڵی وڵاتانی نێوەندگیری وەکو پاکستان و قەتەر، ئێران و ئەمریکا لە 18ی حوزەیرانی 2026، یاداشتێکی لێکتێگەیشتنیان بۆ کوتاییهێنان بە جەنگی نێوانیان و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوانیان لە ماوەی 60 رۆژدا واژۆ کرد، بەڵام دوای جەنگ و پێکدادانەکانی ئەم دواییەی نێوانیان کە 13 رۆژی خایاند، لێکتێگەیشتنەکە لە لێواری هەڵوەشاندنەوەدایە.


