رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لەبارەی هەر جۆرە هاوکاریکردنی ئەمریکا لە هێرشکردنە سەر ژێرخانەکانی ئێران هۆشداری دەداتە وڵاتانی ناوچەکە و دەڵێت: "پێویستە هەموو دۆست و دراوسێکانمان بزانن کە لێکەوتەکانی هەر جۆرە هێرشێکی ئەمریکا بۆ سەر ژێرخانەکانی ئێران، هەموو لایەک دەگرێتەوە."
شەوی یەکشەممە، 2ی ئابی 2026، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ تەلەفزیۆنی فەرمیی وڵاتەکەی، سەبارەت بە هەر جۆرە هێرشێکی ئەمریکا بۆ سەر ژێرخانەکانی ئێران هۆشداری دا.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران گوتی: "هەر وڵاتێک لە هێرشکردنە سەر ئێراندا هاوکاری ئەمریکا بکات یان دەستی لە هێرشەکەدا هەبێت، لەلایەن ئێرانەوە رووبەڕووی بەرگریی رەوا دەبێتەوە."
بە گوتەی ئیسماعیل بەقایی، "خستنەبەردەستی بنکە یان ئامراز و ئاسانکاریی سەربازی و لۆجستی لە لایەن هەر وڵاتێکی ناوچەکەوە بۆ لایەنی دەستدرێژیکار، ئەو وڵاتە دەخاتە ریزی دەستدرێژیکارانەوە."
لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا کە ئایا وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەم دواییانەدا پەیامێکی هەڕەشەئامێزی بۆ وڵاتانی ناوچەکە ناردووە یان نا، بەقایی روونیکردەوە: "بەدڵنیاییەوە هەڕەشە دەکەین؛ توانای سەربازی پشتیوانی هۆشدارییەکانی ئێرانە. هۆشدارییەکانی ئێران لە چوارچێوەی مافی بەرگریکردن لە بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان و بەرپرسیارێتی هەموو دەوڵەتێک لە بەرامبەر دەستدرێژییەکاندا دەدرێن."
بەقایی جەختی کردەوە: "ئەو وڵاتانەی کە راستەوخۆ بەشداری لە دەستدرێژیکردنە سەر وڵاتێکدا دەکەن یان هاوکارییان لەگەڵ دەستدرێژیکاراندا هەیە، دەبێت بەرپرسیارێتیی کارەکانی خۆیان بگرنە ئەستۆ."
سەبارەت بە هەڕەشەکەی ئەم دواییەی دۆناڵد ترەمپ لەبارەی بەئامانجگرتنی ژێرخانەکانی وزە و کارەبای ئێران، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران گوتی: "پێویستە هەموو دۆست و دراوسێکانمان بزانن کە لێکەوتەکانی هەر جۆرە هێرشێکی ئەمریکا بۆ سەر ژێرخانەکانی ئێران، هەموو لایەک دەگرێتەوە."
بە گوتەی بەقایی، "لە 24 کاژێری رابردوودا بەریتانیا، بولگاریا و ئۆکراینا پەیوەندییان کردووە و رایانگەیاندووە کە ئێمە هیچ رۆڵێکمان لە هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران نابێت."
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا چەندین جار هەڕەشەی بەئامانجگرتنی ژێرخانی وزە، کارەبا و رێگەوبانی ئێرانی کردووە، ئەگەر بەرپرسانی وڵاتەکە نەچنە ژێرباری رێککەوتن."
بەرەبەیانی ئەمڕۆ ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیەڵ نووسی، لەلایەن ئێران و چەند وڵاتێکی دیکەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستەوە داوای لێکراوە هێرشە پلان بۆ داڕێژراوەکەی رابگرێت تاوەکو دەرفەت بۆ رێککەوتن بڕەخسێت.
لە بەشێکی پەیامەکەی سەرۆکی ئەمریکادا هاتووە، مەرجی راگرتنی هێرشەکانی سەر ئێران ئەوەیە کە رێککەوتنێک بکرێ بۆ کردنەوەی دەستەجێ، تەواوەتی و هەمیشەیی تەنگەی هورمز و کۆتاییهێنان بە هەڕەشە ئەتۆمییەکانی ئێران.


