رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، بە هیچ شێوەیەک بڕیار نییە دۆخی تەنگەی هورمز بگەڕێتەوە بۆ دۆخی پێش جەنگ. لێکتێگەیشتنی ئێران و عومان بۆ کردنەوەی رێڕەوە نوێیەکەش پەیوەندیی بە کردنەوە یان بەردەوامیی داخرانی تەنگەی هورمزەوە نییە.
ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، شەوی یەکشەممە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تەلەفزیۆنی فەرمیی وڵاتەکەی، باسی لە دوایین دۆخی تەنگەی هورمز و پێشکەوتنی دانوستاندنەکانی ئێران و عومانی بۆ بەڕێوەبردنی ئەم تەنگەیە کرد.
ئیسماعیل بەقایی رایگەیاند، "تاوەکو ئێستا دانوستاندنەکان بە باشی بەرەو پێشەوە چوون و لایەنی عومانی هاوکارییەکی باشی هەبووە. لە ئێستادا بڕیارە لەسەر رێڕەوێک کە دابینکەری مافی سەروەریی هەردوو لا بێت، واتە نە رێڕەوی باکوور و نە رێڕەوی باشوور، بگەینە لێکتێگەیشتن."
بەقایی گوتی: "گفتوگۆکانی ئێران و عومان دووقۆڵین و پەیوەندییان بە هیچ لایەنێکی دیکەوە نییە، هەروەها لێکتێگەیشتنی نێوان دوو وڵات بۆ کردنەوەی رێڕەوی نوێ، بە واتای دەستبەجێ کردنەوەی تەنگەی هورمز نییە."
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران هەروەها رایگەیاند: "داخرانی تەنگەی هورمز بەهۆی بەربەست دروستکردنەکانی ئەمریکا و گەمارۆی دەریایی سەر ئێرانەوە بووە. کۆماری ئیسلامیی ئێران لەسەر بنەمای بەرژەوەندی و بەژەوەندییە باڵاکانی وڵات کار دەکات و لەژێر کاریگەریی هەڕەشە و تۆقاندنی کەسانی دیکەدا، پاشەکشە لە هەڵوێستەکانی ناکات و بڕیاری خۆی ناگۆڕێت."
بە گوتەی بەقایی، دانوستاندنەکانی ئێران و عومان بۆ گەیشتن بە لێکتێگەیشتن لەسەر رێڕەوێکی دەریایی ئارام لە تەنگەی هورمز، لەمێژەوە دەستی پێکردووە و بابەتێکی نوێ نییە. جەختیشی کردەوە، "کۆماری ئیسلامیی ئێران و عومان وەک دوو وڵاتی کەنار دەریا لە تەنگەی هورمزدا، پێویستە بۆ دابینکردنی ئاسایشی هاتوچۆی کەشتییەکان بگەینە میکانیزمێکی هاوبەش."
قسەکانی بەقایی لەبارەی تەنگەی هورمز لە کاتێکدان، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە کۆبوونەوەی حکومەتی ئەو وڵاتە باسی لە دانوستاندنەکانی ئێران و عومان لەوبارەیەوە کردووە و رایگەیاندووە، "دانوستاندنەکان بەرەوپێشچوونی باشیان بەخۆیەوە بینیوە و ئێستا لە قۆناخی کۆتاییدان."
تەنگەی هورمز کە دوای واژۆکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان ئێران و ئەمریکا کرابووەوە، لە دوای پێکدادانەکانی ئەم دواییەی نێوان هەردوو وڵات، جارێکی دیکە لە لایەن ئێرانەوە داخراوە.


