رووداو دیجیتاڵ
قایمقامی ئاستارا دەڵێ، رووسیا 11 تۆن هاوکاریی پزیشکی و دەرمانی بۆ ئێران ناردووە کە سەرجەم پێداویستییە سەرەکییەکان لەخۆدەگرێ.
شەوی یەکشەممە 02-08-2026، عەلی دەرمانی، قایمقامی ئاستارای ئێران بە میدیای فەرمیی وڵاتەکەی راگەیاند، لە دەروازەی سنووریی شارەکەوە، نزیکەی 11 تۆن دەرمان و پێداویستیی پزیشکی لە رووسیاوە گەیشتووەتە وڵاتەکە.
بەگوتەی عەلی دەرمانی، ئەو هاوکارییە ''مرۆڤدۆستانە''ـیەی رووسیا بۆ ئێران، لە چوارچێوەی پەیوەندییە پتەوەکانی نێوان دوو وڵاتەکەیە و بە چەندین بارهەڵگر گەیێندراونەتە پارێزگای گیلان.
دوای گەمارۆی ئەمریکا بۆ سەر بەندەرەکانی ئێران، دەروازەی سنووریی وشکانیی ئاستارا کە لەگەڵ کۆماری ئازەربایجانە، بووەتە یەکێک لە رێڕەوە سەرەکییەکانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی بەتایبەتی لەگەڵ رووسیا و گواستنەوەی هاوکارییەکان بۆ ئێران.
پێشتریش میدیای ئێران گەیشتنی چەند کاروانی هاوکاریی دەرمانی و پێداویستیی پزیشکیی رووسیای لە رێگەی ئەو دەروازە سنوورییەوە راگەیاندبوو. لەوانەش هاوکارییەکانی مانگی ئادار و دوای دەستپێکردنی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران کە بە گوتەی خۆیان، بریتی بوون لە 313 تۆن دەرمان، خۆراک و کەلوپەلی فریاگوزاری.



