رووداو دیجیتاڵ
میدیای ئێران بڵاوی کردەوە، لە نزیک کەناراوەکانی عومان هێرش کراوەتە سەر کەشتییەک کە هەوڵی تێپەڕینی بە تەنگەی هورمزدا داوە. رێکخراوی ئۆپەراسیۆنە بازرگانییە دەریاییەکانی بەریتانیاش پشتڕاستی کردەوە تەقینەوەیەک لە نزیک نەوتهەڵگرێک روویداوە، بەڵام ستافەکەی سەلامەتن.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 03-08-2026، میدیای فەرمیی ئێران بڵاوی کردەوە، هێزە چەکدارەکانی ئێران لە نزیک کەناراوەکانی عومان کەشتییەکی دیکەیان کردووەتە ئامانج.
بەگوێرەی میدیاکە، ئەو کەشتییە بەبێ هاوئاهەنگی لەگەڵ هێزە چەکدارەکانی ئێران، هەوڵی داوە بە تەنگەی هورمزدا تێپەڕیت.
میدیای ئێران ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەو رێڕەوە ئاوییەی کەشتییەکە بۆ تێپەڕین بە تەنگەی هورمزدا هەڵیبژاردووە، ئەو رێڕەوەیە کە ئەمریکا بۆ تێپەڕینی کەشتییەکان بەبێ هاوئاهەنگیی ئێران دیاری کردووە.
میدیای ئێران هیچ زانیارییەکی سەبارەت بە زیانەکانی بەئامنجگرتنی ئەو کەشتییە بڵاو نەکردووەتەوە، بەڵام رێکخراوی ئۆپەراسیۆنە بازرگانییە دەریاییەکانی بەریتانیا (UKMTO) پشتڕاستی کردووەتەوە کە تەقینەوەیەک لە نزیک نەوتهەڵگرێک لە ئاوەکانی باکووری رۆژهەڵاتی خەسەبی عومان روویداوە و ستافی کەشتییەکە سەلامەتن.
هێرشە نوێیەکەی سەر کەشتییەکە لەکاتێکدایە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە دوایین لێدوانیدا رایگەیاند کە هێرشە سەربازییە پلان بۆ داڕێژراوەکەی بۆ سەر ئێران راگرتووە، چونکە بە گوتەی ئەو، تاران ئامادەیی نیشانداوە بۆ رێککەوتنێک کە "کردنەوەی دەستبەجێ و تەواوەتیی تەنگەی هورمز" لەخۆبگرێت. بەڵام میدیا فەرمییەکانی ئێران و سەرچاوە سەربازییەکانی تاران بانگەشەکەی ترەمپیان رەتکردووەتەوە و دەڵێن، هیچ رێککەوتنێک بۆ کردنەوەی تەنگەکە نەکراوە و تاوەکو هێرش و دەستوەردانەکانی ئەمریکا بەردەوام بن، تەنگەکە بە داخراوی دەمێنێتەوە.
تەنگەی هورمز کە دوای واژۆکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان ئێران و ئەمریکا کرابووەوە، لە دوای پێکدادانەکانی ئەم دواییەی نێوان هەردوو وڵات، جارێکی دیکە لە لایەن ئێرانەوە داخراوە و داوا لە کەشتییەکان دەکات بۆ تێپەڕین مۆڵەت وەربگرن و باج بدەن.



