رووداو دیجیتاڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، لەسەر داوای هەریەک لە سعودیە، ئیمارات، قەتەر و خودی ئێران، هێرشە پلان بۆ داڕێژراوەکەی بۆ سەر ئێران هەڵوەشاندەوە. ترەمپ گوتی، هێزەکانیان بەتەواوی ئامادە بوون و ئەگەر هێرشەکە بکرایە، "هێرشێکی زۆر گەورە و بەردەوام" دەبوو. رۆژی دووشەممە 03-08-2026 سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد، کاتێک هاوپەیمانەکانیان داوایان لێکردوون هێرشەکە رابگرن، ئەو گوتوویەتی "با بزانین چۆن دەبێت." ترەمپ رایگەیاند، هاوپەیمانەکانیان پێیان وایە رێککەوتنێک هەیە و گوتی: "رێککەوتنێک لەسەر تەنگەی هورمز هەیە و رێککەوتنێکیش لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکە دەبێت." سەبارەت بە هەنگاوەکانی داهاتوو و شێوازی دانوستاندنەکان، ترەمپ رایگەیاند، قسە لەگەڵ ئێرانییەکان دەکەن و گفتوگۆکانیش ئێوارەی رۆژی دووشەممە دەستپێدەکەن، ئەوەشی بە هەنگاوێک وەسفکرد کە "ژیانی زۆر کەس رزگار دەکات." ترەمپ لەبارەی گەورەیی هێرشەکەوە گوتی: "هێرشەکە لەدوای جەنگی دووەمی جیهانی، دەبووە گەورەترین هێرش. کارەساتبار دەبوو بۆیان، بۆیە نەیانویست هێرش بکەین." ترەمپ باسی لە جیاوازیی بۆچوونەکان کرد لەسەر بۆردوومانکردنی ئێران و گوتی، کۆمەڵێک خەڵک هەن دەیانەوێت ئەو کارە بکات و کۆمەڵێکی دیکەش نایانەوێت. سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بە گفتوگۆیەکی خۆی و محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە کرد و گوتی: "لە شازادەی جێنشینی سعودیەم پرسی، پێتان باشە چی بکەین؟ ئەو گوتی، پێمان باشترە رێککەوتن بکرێت نەک هێرش." هەروەها کاتێک لێی پرسرا کە ئایا مۆڵەتێک بۆ ئێران دانراوە بۆ ئەوەی بگەنە رێککەوتن، ترەمپ تەنیا گوتی: "دەبینین، من بەدوای کوشتنی خەڵکدا ناگەڕێم." لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسێک سەبارەت بەو راپۆرتانەی باس لە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە کوێت و بەحرێن دەکەن، ترەمپ رەتیکردەوە هیچ لێدوانێک لەو بارەیەوە بدات. ئەمە لە کاتێکدایە، دوێنێ ترەمپ لە ترووس سۆشیاڵ رایگەیاند، پلانی هەبووە هێرش بکاتە سەر ئێران بەڵام لەسەر داوای هاوپەیمانان هێرشەکەی راگرتووە.
رۆژهەڵاتی نێوەڕاست03-08-2026عێراقچی و فوئاد حوسێن تاوتوێی رەوشی تەنگەی هورمز و هێورکردنەوەی ناوچەکەیان کرد
رۆژهەڵاتی نێوەڕاست02-08-2026لێدوانە دژبەیەکەکانی ترەمپ لەسەر جەنگی ئێران؛ لە هەڕەشەی وێرانکردنەوە بۆ راگرتنی هێرشەکان