رووداو دیجیتاڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت واشنتن هێرشە پلان بۆ داڕێژراوەکەی بۆ سەر ئێران هەڵدەوەشێنێتەوە بەو مەرجەی بە "خێرایی" بگەنە رێککەوتن، ئەمەش بەهۆی بەرەوپێشچوونی دانوستاندنەکانەوە. دوایین پێشکەوتنی گەورەی دیپلۆماسی لە مانگی حوزەیراندا بوو، کاتێک هەردوولا یاداشتێکی لێکتێگەیشتنیان واژۆکرد بۆ راگرتنی جەنگ، تاوەکو دانوستاندن بکەن بۆ کۆتاییهێنانێکی هەمیشەیی بە جەنگەکە. بەڵام ئەمە دوای پێکدادانەکان لە تەنگەی هورمز هەڵوەشایەوە، کە بووە هۆی دەستپێکردنەوەی گەمارۆکانی ئەمریکا و سەرهەڵدانەوە و فراوانبوونی ململانێ هەرێمییەکان. جەنگ چۆن دەستی پێکردەوە؟ 1ـی تەممووز: دانوستانکارانی ئەمریکا و ئێران بۆ دانوستاندنی ناڕاستەوخۆ چوونە دەوحەی قەتەر. ماجید ئەنساری، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر رایگەیاند، شاندەکان "بەرەوپێشچوونی ئەرێنی"یان بەدەستهێنا. 7ـی تەممووز: بەپێی گوتەی بەرپرسێکی ئەمریکی، ئێران تەقە لە سێ کەشتیی بازرگانی کرد لە سنووریی ئاویی عومان لە نزیک تەنگەی هورمز. فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، وەک "سزایەک" هێرشیان کردووەتە سەر ئێران. 8ـی تەممووز: ئێران هۆشداری دا، "وەڵامێکی تێکشکێنەر"ـی هێرشەکانی ئەمریکا دەداتەوە. سوپای پاسدارانیش رایگەیاند، هێرشیان کردووەتە سەر 85 ئامانجی سەربازیی ئەمریکا لە بەحرێن و کوێت. لە لووتکەی ناتۆ لە تورکیا، ترەمپ ئێرانییەکانی بە "کەسانی شەڕانگێز و نەخۆش" وەسفکرد و رایگەیاند، یاداشتی لێکتێگەیشتنەکە "کۆتایی هاتووە." چەند کاژێرێک دواتر، ئەمریکا هێرشی زیاتری کردە سەر ئێران. 9ـی تەممووز: تاران رایگەیاند، سوپای ئەمریکا پردێکی شەمەندەفەری لە باکووری ئێران کردووەتە ئامانج. سێنتکۆم گوتی، لە شەپۆلێکی دیکەی هێرشەکاندا نزیکەی 90 ئامانجی سەربازییان پێکاوە. بەرپرسێکی ئەمریکیش بە کەناڵی CNNـی راگەیاند، هەردوو وڵات لە دانوستاندنە تەکنیکییەکان لەسەر پرسە ئەتۆمییەکان بەردەوامن. 10ـی تەممووز: ترەمپ گوتی، ئەمریکا رازی بووە بەردەوام بێت لە گفتوگۆکان لەگەڵ ئێران، بەڵام واشنتن تارانیشی ئاگادارکردەوە، ئاگربەستەکە چیدی کاری پێناکرێت. محەممەدباقر قالیباف، گەورە دانوستانکاری ئێران گوتی، تاران بۆ "بەرگرییەکی هەمەلایەنە" ئامادەیە ئەگەر ئەمریکا رێککەوتنەکە بشکێنێت. ئیدارەی ترەمپیش سزای نوێی بەسەر تاراندا سەپاند. 11ـی تەممووز: وەزیری دەرەوەی ئێران ئەمریکات بە پێشێلکردنی بڕگەیەکی رێککەوتنەکەیان کە تایبەتە بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی تاران، تۆمەتبار کرد. 12ـی تەممووز: سوپای پاسداران داخستنی تەنگەی هورمزی راگەیاند، دوای ئەوەی بۆ ئاگادارکردنەوە تەقەی لە کەشتییەک کرد کە دەیویست رێڕۆیەکی رێگەپێنەدراو بۆ پەڕینەوە بەکاربهێنێت. سوپای ئەمریکا هێرشی زیاتری کردە سەر ئێران و دووپاتی کردەوە، تەنگەکە هێشتا کراوەیە. 13ـی تەممووز: بەپێی راپۆرتی میدیاکانی ئێران، هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران تاوەکو دوای نیوەڕۆ بەردەوام بوون و بەهۆیەوە لانیکەم دوو کەس کوژران. ترەمپ رایگەیاند، گەمارۆی سەر کەشتییەکانی ئێران لە تەنگەی هورمز دەستپێدەکاتەوە و بە درێژایی شەو ئەمریکا هێرشی زیاتری کردە سەر ئێران.
رۆژهەڵاتی نێوەڕاست03-08-2026عێراقچی و فوئاد حوسێن تاوتوێی رەوشی تەنگەی هورمز و هێورکردنەوەی ناوچەکەیان کرد
رۆژهەڵاتی نێوەڕاست03-08-2026ترەمپ: گفتوگۆکانمان لەگەڵ ئێران دەستپێدەکەن و رێککەوتن لەسەر تەنگەی هورمز هەیە
رۆژهەڵاتی نێوەڕاست02-08-2026لێدوانە دژبەیەکەکانی ترەمپ لەسەر جەنگی ئێران؛ لە هەڕەشەی وێرانکردنەوە بۆ راگرتنی هێرشەکان