رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێ، "دانوستاندنەکانی ئێران و عومان لەبارەی تەنگەی هورمز و شێوازی بەڕێوەبردنی، بەرەوپێشچوونی باشیان بەخۆیەوە بینیوە و ئێستا لە قۆناخی کۆتاییدان."
ئەمڕۆ یەکشەممە، 2ی ئابی 2026، نووسینگەی سەرۆکایەتیی کۆماری ئێران لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، کابینەی وەزیرانی حکومەتی ئێران، ئێوارەی ئەمڕۆ بە سەرۆکایەتیی مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە کۆبووەوە و تێیدا راپۆرتی دوایین دۆخی دانوستاندنەکانی ئێران و عومان لەبارەی چۆنیەتی بەڕێوەبردنی تەنگەی هورمز تاوتوێ کرا.
بە گوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی سەرۆککۆماری ئێران، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئەم وڵاتە راپۆرتێکی لەسەر دوایین دۆخی دانوستاندنەکانی نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و عومان پێشکێش کرد.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "عێراقچی رایگەیاندووە، گفتوگۆکان پێشکەوتنی بەرچاویان هەبووە و جەختی کردەوە، دانوستاندنەکانی ئێران و عومان لەبارەی تەنگەی هورمز لە قۆناخی کۆتاییدان و خەریکە دەگاتە ئەنجام."
تەنگەی هورمز کە دوای واژۆکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان ئێران و ئەمریکا کرابووەوە، لە دوای پێکدادانەکانی ئەم دواییەی نێوان هەردوو وڵات، جارێکی دیکە لە لایەن ئێرانەوە داخراوە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە دوایین لێدوانیدا رایگەیاند کە هێرشە سەربازییە نوێیەکانی بۆ سەر ئێران راگرتووە، چونکە بە گوتەی ئەو، تاران ئامادەیی نیشانداوە بۆ رێککەوتنێک کە "کردنەوەی دەستبەجێ و تەواوەتیی تەنگەی هورمز" لەخۆبگرێت. بەڵام میدیا فەرمییەکانی ئێران و سەرچاوە سەربازییەکانی تاران بانگەشەکەی ترەمپیان رەتکردووەتەوە و دەڵێن، هیچ رێککەوتنێک بۆ کردنەوەی تەنگەکە نەکراوە و تاوەکو هێرش و دەستوەردانەکانی ئەمریکا بەردەوام بن، تەنگەکە بە داخراوی دەمێنێتەوە.
کازم غەریبئابادی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ کاروباری یاسایی و نێودەوڵەتی، شەوی سێشەممە، 28ی تەمموزی 2026 لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تەلەفزیۆنی فەرمیی وڵاتەکەی دەربارەی پڕۆژەکەی عومان رایگەیاند، "لایەنی عومانی پێشنیازی کردووە رێڕەوێکی نوێ لە تەنگەی هورمز بکرێتەوە کە 50 لەسەدی لە دەستی ئێراندا بێت و 50 لەسەدی لە دەستی عوماندا بێت."
غەریبئابادی گوتی، "ئێران پێشنیازەکەی عومانی رەتکردەوە، لە بەر ئەوەی تاوەکو ئەو کاتەی سەقامگیریی بەردەوامی ناوچەیی بەدی نەیێت، پڕۆژەیەکی لەو شێوەیە نیگەرانییە ئەمنییەکانی تاران ناڕەوێنێتەوە."
ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز پێشتر لە راپۆرتێکدا زاری چەند سەرچاوەیەکەوە رایگەیاندبوو، عومان پێشنیارێکی بۆ دروستکردنی میکانیزمێکی هاوبەشی ناوچەیی بە پێدانی ئارەزوومەندانەی باج یان تێچووی هاتووچۆ بۆ بەڕێوەبردنی تەنگەی هورمز پێشکەشی ئێران کردووە.
بەپێی راپۆرتەکە، پێشنیارەکەی عومان لەلایەن وڵاتانی ناوچەکەوە پشتگیری دەکرێت و لەسەر ئەو بنەمایەش ئێران کۆنترۆڵی تاکلایەنەی ئەو رێرەوە ئاوییە ستراتیژییەی جیهانی بەدەستەوە نابێت.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، پڕۆژەکەی عومان بۆ بەڕێوەبردنی تەنگەی هورمز، لەسەر بنەمای ئەو مۆدێلە داڕێژاوە کە لە تەنگەی مالاگادا بەکاردێت؛ کە تێیدا مالیزیا، ئەندەنوسیا و سەنگاپوور لە جیاتی وەرگرتنی باجی جێگیر لە کەشتییەکان، بڕە پارەیەک لەبەرامبەر پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکاندا وەردەگرن.
.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)

