رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی راپۆرتێک، محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، نیگەرانیی قووڵی وڵاتەکەی لە پلانی هێرشە گەورەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران دەربڕیوە و داوای هێورکردنەوەی دۆخەکەی کردووە.
بەگوێرەی زانیاریی دوو بەرپرسی ئەمریکی و سەرچاوەیەکی ئاگادار کە قسەیان بۆ ماڵپەڕی ئەکسیۆس کردووە، پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی نێوان ترەمپ و بن سەلمان رۆژی شەممە کراوە.
سەرچاوەیەک بە ئەکسیۆسی راگەیاندووە: "سعودییەکان نیگەرانیی خۆیان دەربڕیوە و داوای روونکردنەوەیان لەسەر پلانی هێرشەکان کردووە." سەرچاوەیەکی دیکەش دەڵێ، بن سەلمان هانی ترەمپی داوە گرژییەکان کەم بکاتەوە و خۆی لە هێرشکردن بپارێزێت.
ئەمە لە کاتێکدایە، "ترەمپ بەجیدی بیر لە بەئامانجگرتنی دامەزراوەکانی وزەی ئێران دەکاتەوە لە چەند رۆژی داهاتوودا،" ئەوەش وەک وەڵامێک بۆ هێرشە مووشەکییەکەی ئێران بۆ سەر بنکەیەکی ئەمریکا لە ئوردن و بەردەوامیی رێگریکردن لە هاتووچۆی کەشتییەکان لە تەنگەی هورمز، بەڵام تاوەکو ئێستا فەرمانی کۆتایی دەرنەکردووە.
هێرشێکی لەم شێوەیە دەبێتە هۆی پەرەسەندنێکی بێپێشینە لەم جەنگە پێنج مانگییەدا، بەتایبەتی کە ئێران هەڕەشەی کردووە لە ئەگەری هەر هێرشێکدا، دامەزراوەکانی وزە و ژێرخانی ئیسرائیل و وڵاتانی کەنداو دەکاتە ئامانج.
هاوکات لەگەڵ ئەم پێشهاتانەدا، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رۆژی شەممە لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا هۆشدارییەکی تووندی دایە فەیسەڵ بن فەرحان، وەزیری دەرەوەی سعودیە. عێراقچی لە تەلەگرام بڵاویکردەوە: "هەر کارێکی دووژمنکارانەی ئەمریکا یان ئیسرائیل، یان بەشداریکردن و هاوکاریکردنی وڵاتانی ناوچەکە لەو کارانەدا، رووبەڕووی وەڵامی یەکلاکەرەوە و گونجاوی هێزە چەکدارە بەهێزەکانی ئێران دەبێتەوە."
عێراقچی هەروەها سەبارەت بە ئەگەری هێرشەکانی ئەمریکا، لەگەڵ هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا و عاسم مونیر، سوپاسالار پاکستان (کە وەک نێوەندگیرێکی سەرەکی لە نێوان واشنتن و تاران کار دەکات) گفتوگۆی کردووە.
وڵاتانی وەک قەتەر، ئیمارات، تورکیا و پاکستان گوشار بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە دەهێنن. رۆژی شەممە نێوەندگیرە قەتەرییەکان گفتوگۆی جیاوازیان لەگەڵ عێراقچی، ستیڤ ویتکۆف (نێردەی کۆشکی سپی) و بەرپرسانی عومان کردووە بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێک سەبارەت بە کردنەوەی تەنگەی هورمز. سەرچاوەیەک ئاماژەی بەوە کردووە، گفتوگۆکان پێشکەوتنیان بەخۆیەوە بینیوە، بەڵام روون نییە ئایا ئەوە بەس دەبێت بۆ کۆتاییهێنان بە قەیرانەکە یان نا.

