ئیمارات سەرکۆنەی ئەو هێرشەی ئێران دەکات کە بە درۆن کردیە سەر کوێت. وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات لە راگەیێندراوێکدا کە ئەمڕۆ شەممە، 1ی ئابی 2026 بڵاوی کردەوە رایگەیاند، ئەم هێرشە پێشێلکارییەکی ئاشکرای سەروەریی دەوڵەتی کوێتـە و هەڕەشەیەکی راستەوخۆیە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی وڵاتەکە. لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، وەزارەتی دەرەوە هاوسۆزیی تەواوی ئیماراتی بۆ دەوڵەتی کوێت دووپات کردووەتەوە و پاڵپشتیی خۆی بۆ هەر هەنگاوێک نیشان داوە کە ببێتە هۆی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی برایانیان لە کوێت. سعود عەبدولعەزیز عەتوان، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی کوێت، رۆژی هەینی (31ـی تەممووزی2026) رایگەیاند، هێزە چەکدارەکان چەند درۆنێکی ئێرانیان لە ئاسمانی کوێت تێکشکاندووە. گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی کوێت ئەم هێرشانەی بە "دەستدرێژیی ناڕەوای ئێران" وەسفکرد و گوتی، ئامانجی درۆنەکان چەند دامەزراوەیەکی وڵاتەکە بووە؛ گوتیشی: "بەهۆی کەوتنی پاشماوە و پارچەی درۆنە تێکشکاوەکانەوە، زیانی مادی بەر هەندێک شوێن کەوتووە." وەزارەتی بەرگریی کوێت باس لەوە کرد، هێزە چەکدارەکانی لەوپەڕی ئامادەییدان بۆ جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان و پاراستنی سەقامگیریی وڵات. بە گوێرەی وەزارەتی بەرگریی کوێت، لە دەستپێکی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە لەگەڵ ئێران لە 28ی شوباتەوە تاوەکو 16ـی تەمموزی 2026 ئێران بە 1002 فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان، 387 مووشەکی بالیستی و 25 مووشەکی کروز هێرشی کردوەتە سەر ئەو وڵاتەی کەنداو.