رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە راگەیێندراوێکی فەرمی و سێ لاپەڕەییدا، هەڵوێستی تووندی وڵاتەکەی بەرامبەر پەرەسەندنە سەربازییەکانی ئەمدواییە و "پەیمانشکێنییەکانی واشنتن" راگەیاند. وەزارەتەکە جەخت دەکاتەوە، هێزە چەکدارەکانیان بە تەواوی توانایانەوە بەرگری لە خاکی ئێران دەکەن و چیدیکە بوار بۆ دەستدرێژی ناهێڵنەوە.
پێشێلکردنی رێککەوتننامەی ئیسلامئاباد
لە راگەیێندراوەکەدا کە ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە بڵاوکرایەوە هاتووە، لە کاتێکدا کە ئێران و ئەمریکا لە 18ی حوزەیرانی 2026دا یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی ئیسلام ئابادیان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ واژۆ کردبوو، بەڵام لایەنی ئەمریکایی بەردەوام بووە لە پێشێلکردنی بەندەکانی.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوە کردووە، خولی نوێی "دەستدرێژییەکانی ئەمریکا" لە ئێوارەی 17ی تەمووزەوە دەستیپێکرد، کە هاوکات بوو لەگەڵ رێوڕەسمــی بەخاکسپاردنی تەرمی "رێبەری شەهید" (ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی).
تاران تۆمەتی ئەوە دەداتە پاڵ واشنتن کە بە پاساوی "کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەر" و "رووداوی دەستکرد بۆ سێ کەشتی"، هێرشی کردووەتە سەر خاکی ئێران.
لە راگەیێندراوەکەدا جەخت کراوەتەوە کە ئەمە "درێژەپێدەری دوژمنایەتییەکی 75 ساڵەیە کە لە ساڵانی 1950ـەکان و کودەتای 1953ـەوە دژی گەلی ئێران دەستیپێکردووە."
مادەی 5 و ئاسایشی تەنگەی هورمز
یەکێک لە خاڵە هەستیارەکانی ناو راگەیێندراوەکە، پەیوەندی بە بەڕێوەبردنی تەنگەی هورمزـەوە هەیە. وەزارەتی دەرەوە ئاشکرای کردووە کە بەپێی مادەی 5 لە یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی ئاشتی، بەڕێوەبردنی داهاتووی تەنگەکە خراوەتە ئەستۆی ئێران بە هاوئاهەنگی لەگەڵ عومان و وڵاتانی ناوچەکە.
بەڵام ئێران دەڵێ: ئەمریکا دەیەوێ ئەم رێککەوتنە پەکبخات و رێڕۆی هاتووچۆی کەشتییەکان بۆ جێگیرکردنی هێزی سەربازی بەکار بهێنێت.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، ئەمریکا چەندینجار کەشتیی بازرگانیی بۆ گواستنەوەی چەک و کەلوپەلی سەربازی بەکارهێناوە تاوەکو لە چاوی هێزی ئاسمانی و دەریاییی ئێران بەدوور بن.
پەیام بۆ وڵاتانی دراوسێ
وەزارەتی دەرەوە جەختی کردەوە، ئێران بە پشتبەستن بە مادەی 51ی پەیمانی نەتەوە یەکگرتووەکان، مافی رەوای خۆیەتی بەرگری لە خۆی بکات. "هێرشە ئەمریکا-ئیسرائیل لە 15 مانگی رابردوودا، ئاسایش و ئاشتیی جیهانییان خستووەتە مەترسییەوە."
تاران پەیامێکی ئاراستەی وڵاتانی دراوسێ لە کەنداو کرد و رایگەیاند، هیچ دوژمنایەتییەکی لەگەڵیاندا نییە و داوای رێزی دوولایەنە دەکات، بەڵام هۆشداریی دا کە نابێت خاک و توانایان بخەنە خزمەت "دەستدرێژکارە ئەمریکایی-زایۆنییەکان" بۆ هێرشکردنە سەر ئێران و گوتیشی، هەر هێرشێک لە خاکی هەر وڵاتێکەوە بکرێت، وەک سەرچاوەی هەڕەشە دەبینرێت.
دانوستاندن بە واتای تەسلیمبوون نایە
لە راگەیێندراوەکەدا، وەزارەتی دەرەوەی ئێران جەختی لەسەر بەردەوامیی "بەرگریی پڕ حەماسەتی ئێرانییەکان" کردەوە لە ژێر سێبەری "رێنوێنییە ژیرانەکانی" ئایەتوڵڵا موجتەبا خامنەیی، رێبەری ئێران و ئاماژە بەوەش کراوە، جەنگی 40 رۆژەی ئەمدواییە و خۆڕاگریی خەڵکی ناوچەکانی باشوور، نیشانەی ئەوەیە کە ئێران لە قۆناخــی بەهێزبووندایە.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران، دووپاتی کردەوە کە دانوستاندن بە واتای تەسلیمبوون نییە و ئەگەر ئەمریکا بەردەوام بێت لە "زۆرداری و وەحشیگەری"، رووبەڕووی وەڵامی زۆر سەخت دەبێتەوە.
تاران داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد کە چیدیکە بەرامبەر "ئەم تاوانانە" بێدەنگ نەبن تاوەکو ئاسایشی ناوچەکە بگاتەوە لووتکەی سەقامگیری.



