رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی کوێت بە تووندی سەرکۆنەی بەردەوامیی هێرشەکانی سەر سعودیە دەکات کە لەلایەن گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران لە عێراقەوە ئەنجام دەدرێن، پشتگیریی خۆشی بۆ هەموو رێکارەکانی سعودیە بۆ پاراستنی ئاسایشی وڵاتەکەی دەربڕی.
رۆژی چوارشەممە 29ی تەممووزی 2026، وەزارەتی دەرەوەی کوێت لە راگەیێندراوێکی فەرمیدا سەرکۆنەی تووندی خۆی بۆ بەردەوامیی هێرشەکانی سەر "شانشینی سعودیەی برا" دەربڕی، کە لەلایەن ئەو گرووپە چەکدارانەی لەنێو خاکی عێراقەوە کار دەکەن و سەر بە ئێرانن، کراون.
وەزارەتی دەرەوەی کوێت ئاماژەی بەوە کردووە، ئەم هێرشانە نیشانەی سووربوونی ئەو گرووپانەن لەسەر تێکدانی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، دوایین هێرش ئێوارەی دوێنێ سێشەممە 28ی تەممووزی 2026 بووە، کاتێک لە رێگەی چەندین درۆنەوە هەوڵ دراوە دامەزراوە نەوتییەکانی ناوچەی شەرقییە لە سعودیە بکرێنە ئامانج.
بەگوێرەی وەزارەتی دەرەوەی کوێت، ئەم هێرشانە "پێشێلکردنی روونی سەروەریی سعودیە و هەڕەشەن بۆ سەر ئاسایش و سەلامەتیی خاکەکەی."
وەزارەتی دەرەوەی کوێت پشتگیریی خۆی بۆ هەموو ئەو رێکارانە دەربڕی کە ریاز بۆ پاراستنی سەروەری و بەرژەوەندییەکانی دەیانگرێتەبەر، لەوانەش "مافی رەوای بەرگری لە خۆی" کە لە مادەی 51ی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا جێگیر کراوە.
هەروەها جەختی کردەوە، ئاسایشی سعودیە بەشێکی جیانەکراوەیە لە ئاسایشی کوێت و وڵاتانی ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداو.
ئەمەش لە کاتێکدایە، وەزارەتی بەرگریی سعودیە رایگەیاند، چەند درۆنێکیان لە خاکی عێراقەوە تێکشکاندووە کە دەیانویست کێڵگە نەوتییەکان بپێکن.
بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممەش، حەشدی شەعبی لە عێراق رایگەیاند کە بارەگاکانیان لە لایەن هێزەکانی ئەمریکا و سعودیەوە بۆردوومان کراون و کوژراوو برینداریان هەیە.


.jpg&w=3840&q=75)