رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی حکومەتی ئێران رایگەیاند، 350 فەرمانبەری حکومەت لە بۆردوومانەکانی سەر ئەو وڵاتەدا کوژراون.
فاتیمە مهاجرانی، گوتەبێژی حکومەتی ئێران، ئەمڕۆ سێشەممە، 28ی تەمموزی 2026، ئەو ئامارەی لە پرێس کۆنفرانسێکدا راگەیاند و گوتی: "ئەو فەرمانبەرانە لە کاتی جێبەجێکردنی ئەرکی ئاسایی خۆیاندا و لە کاتی هەوڵدان بۆ دابینکردنی خزمەتگوازی بۆ خەڵک کوژران."
گوتەبێژی حکومەتی ئێران باسی سەردانەکەی بۆ پارێزگاکانی باشووری ئەو وڵاتە و بەتایبەت پارێزگای بووشێهر کرد و رایگەیاند، "سەردانی پارێزگای بووشێهرمان کرد و فڕۆکەخانەی شارەکەمان بەسەرکردەوە کە لە پراکتیکدا بە تەواوی لەکار کەوتووە. لەوێ پاشماوەی فڕۆکەیەکی نوێمان بینی کە بۆ خۆشگوزەرانیی خەڵک کڕدرابوو، بەڵام بەهۆی بەرکەوتنی راستەوخۆی مووشەک، بێجگە لە بەشێکی بچووکی کلکی فڕۆکەکە، بەشەکانی دیکەی بە تەواوی لەناو چووبوو."
گوتەبێژی حکومەتی ئێران ئاماژەی بە تاوەری چاودێریی دەریایی چابەهار لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان رایگەیاند، تاوەرەکەی چابەهار بە 11 مووشەک کراوەتە ئامانج و بەو هۆیەوە بە تەواوی داڕماوە.
رۆژی دووشەممە، 27ی تەمموز موزەفەر زەفەرقەندی، وەزیری تەندروستیی ئێران رایگەیاند، لە هێرشەکانی ئەم دواییەی ئەمریکادا 60 کەس کوژراون و 670 کەسی دیکەش بریندار بوون.


