رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی تەندروستیی ئێران نوێترین ئاماری زیانە گیانییەکانی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا بۆ سەر وڵاتەکەی رادەگەیێنێت و دەڵێت، لە ماوەی کەمتر لە دوو هەفتەدا 60 کەس کوژراون.
رۆژی دووشەممە، 27-07-2026، محەممەدرەزا زەفەرقەندی، وەزیری تەندروستی ئێران، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی جێگرانی وەزارەتەکەیدا رایگەیاند: "لە ماوەی 10 تاوەکو 12 رۆژی هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر ناوچە جیاوازەکانی ئێران، 60 کەس گیانیان لەدەستداوە و 670 کەسی دیکەش بریندار بوون."
وەزیری تەندروستیی ئێران لە گوتەکانیدا ئاماژەی بە بۆردوومانکردنی قوتابخانەی "شەجەرەی تەییبە" لە شاری مینابی کرد و ئەو هێرشەی وەک "دەستدرێژی و تاوانێک دژی منداڵان و مرۆڤایەتی" ناوبرد. راشیگەیاند، پێویستە هەنگاوی کردەیی بنرێت بۆ پاراستن و بەرزکردنەوەی ئاستی تەندروستیی دەروونی لەنێو منداڵانی وڵاتەکەدا کە بەهۆی شەڕ و بۆردوومانەکانەوە تووشی شڵەژان بوون.
لە 7ـی تەممووزی 2026 دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، کۆتاییهاتن بە ئاگربەستی راگەیاند و بۆردوومانەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران و لەبەرامبەردا هێرشی ئێران بۆ سەر وڵاتانی ناوچەکە بۆ ماوەی 13 رۆژ بەردەوامبوو. رۆژی شەممە دۆناڵد ترەمپ بڕیاری دا هێرش بۆ سەر ئێران رابگرێت و دەرفەت بە گفتوگۆی دیپلۆماسی بدات.


