رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکى ئەمریکا بۆ یەکەمجار دوای 13 شەو لە هێرشی ئاسمانیى بەردەوام، بڕیاریدا بۆردوومانى ئامانجە سەربازییەکان لە ناوخۆى ئێران رابگرێت؛ ئەم هەنگاوە وەک دەرفەتێک بۆ سەرکەوتنى دیپلۆماسیى عومان لە تاران و وەک وەڵامێک بۆ هۆشداریى فەرماندە سەربازییەکان لەبارەی خاڵیبوونەوەى کۆگاکانى مووشەکى بەرگریى ئەمریکا دێت.
ماڵپەڕى(ئەکسیۆس) لە زاری چەند سەرچاوەیەک ئاشکرای کرد، دۆناڵد ترەمپ رۆژى هەینى پلانێکى پێشنیازکراوى سوپای بۆ دەستپێکردنى شەپۆلێکی نوێى بۆردوومان رەتکردووەتەوە. ئەم بڕیارە تەنیا چەند کاژێرێک دوای گەیشتنی شاندێکی باڵای وڵاتى عومان بۆ تاران هات، کە ئامانجیان دۆزینەوەى میکانیزمێکە بۆ کردنەوەى تەنگەى هورمز و رێگریکردن لە جەنگێکی گشتگیر.
قەیرانى مووشەکى پاتریۆت و ترسی پێنتاگۆن
بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەى (نیویۆرک تایمز)، یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانى پشت بڕیارەکەى ترەمپ بۆ وەستاندنى هێرشەکە، نیگەرانیى قووڵی بەرپرسانى پێنتاگۆنە لە دۆخی بەرگریى ئاسمانیى ئەمریکا لە ناوچەکەدا. جەنەڕاڵ دان کەین، سوپاسالاری ئەمریکا هۆشداریى داوەتە سەرۆک، لەوەى بەردەوامبوون لە هێرشە چڕەکان کۆگاکانى مووشەکى (پاتریۆت) و (تاد) بە شێوەیەکی مەترسیدار بەتاڵ دەکاتەوە. ئەمەش وادەکات بنکە سەربازییەکانى ئەمریکا لە کەنداو بە ئاسانى ببنە ئامانجى مووشەکە بالیستییەکانى تاران.
بە گوێرەى داتا فەرمییەکان، ئەمریکا زیاتر لە 1,200 مووشەکى بەرگریى پاتریۆتى بەکارهێناوە کە نرخى هەر دانەیەکیان 4 ملیۆن دۆلارە. ئەم کەمبوونەوەیە مەترسیى گەورەى لەسەر پاراستنى بنکەکانى ئەمریکا لە ئوردن، کوێت و بەحرێن دروستکردووە، بەتایبەت دوای ئەوەى هەفتەى رابردوو مووشەکێکی بالیستیى ئێران توانى ئەم سیستمە بەرگرییانە ببڕێت و سێ سەربازى ئەمریکى لە ئوردن بکوژێ.
دیپلۆماسیى عومان
لە تاران، دیپلۆماتە عومانییەکان خەریکى گفتوگۆى رووبەڕوون لەگەڵ عەباس عێراقچی، وەزیرى دەرەوەى ئێران. کڕۆکى دانوستاندنەکان لەسەر دابەشکردنى تەنگەى هورمزە بۆ دوو رێڕەو: "رێڕەوى باشوور" لە ئاوەکانى عومان کە بێ بەرامبەر بێت، و "رێڕەوى باکوور" کە لەژێر کۆنتڕۆڵی ئێران و بە پێدانى "رسووماتێکى خزمەتگوزاری" بێت.
هێشتا گرێکوێرەى سەرەکی، پرسی "باجى تێپەڕبوون"ـى کەشتییەکانە؛ تاران داواى 2 ملیۆن دۆلار لە هەر کەشتییەک دەکات بۆ قەرەبووى زیانەکانى جەنگ، بەڵام واشنتن ئەمە وەک "سەرانە" دەبینێت و رەتیدەکاتەوە. ترەمپ لە کۆشکى سپى رایگەیاند: "ئێمە ئێستا قسەیان لەگەڵ دەکەین و رەنگە بگەینە خاڵێکی یەکلاکەرەوە، بەڵام تاوەکو ئەوکاتە ئامادە و پڕچەکین".
دەریای سوور و قەزوین
لە پێشهاتێکى دیکەدا، حووسییەکانی یەمەن زنجیرەیەک هێرشیان کردووەتە سەر دامەزراوەکانی کۆمپانیای (ئارامکۆ)ی سعودی لە هەردوو ناوچەی جیزان و یەنیوع. لە وەڵامی هێرشی حووسییەکان دا، سعودیە چەندین بنکەی سەربازی و کۆگای چەکی حوسییەکانیان لە پارێزگاکانی مەئریب، جەوف و شاری حودەیدەی یەمەن بۆردوومان کرد.
لەلایەکى دیکە، وەزارەتی دەرەوەی ئێران بە فەرمی ئۆکراینای تۆمەتبار کرد بە هێرشکردنە سەر کەشتییەکی بازرگانیی ئێرانی لە دەریای قەزوین. تاران بەو هۆیەوە کاربەڕێکەرى باڵێوزخانەى ئۆکراینای بانگ کرد و هێرشەکەی بە "کردەوەیەکی دوژمنکارانە و تاوانکاری" وەسف کرد.
تواناکانى ئێران و ئامانجى داهاتوو
راپۆرتە هەواڵگرییەکانى ئەمریکا نیشانى دەدەن، سەرەڕای پێنج مانگ لە بۆردوومان، ئێران هێشتا 70٪ـى کۆگاى مووشەکە بالیستییەکانى و 40٪ـى درۆنەکانى پاراستووە. "شارە مووشەکییەکان"ى ئێران کە لە قووڵایی 450 مەتر لەژێر زەویدان، گەورەترین ئاستەنگن لەبەردەم فڕۆکەکانى ئەمریکا.
ئەگەر دیپلۆماسیى عومان لەم کۆتایی هەفتەیەدا شکست بهێنێت، ترەمپ هەڕەشەى لێدانى (چیای قوڵنگ) و چەندین ئامانجى دیکە دەکات. جەنگی ئێران کە لە 28ى شوباتى 2026 بە هێرشێکى ئەمریکی و ئیسرائیل بۆ سەر تاران دەستیپێکرد، جیهانى خستووەتە نێو قەیرانێکی ئابوورییەوە کە رۆژانە 10 ملیار دۆلار زیان بە بازاڕەکان دەگەیێنێت.


