رووداو دیجیتاڵ
عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە ریاز لەگەڵ محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشین و سەرۆکوەزیرانی سعودیە کۆبووەوە؛ لە دیدارەکەدا زەیدی جەختی کردەوە کە عێراق رێگە نادات خاکەکەی ببێتە مەیدانی هێرشکردنە سەر سعودیە و وڵاتانی ناوچەکە.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق، رۆژی چوارشەممە، 14ـی تشرینی یەکەمی2026 رایگەیاند: "عەلی فالح زەیدی لەگەڵ محەممەد بن سەلمان پەرەسەندنەکانی ناوچەکە و هاوئاهەنگییەکانی نێوان هەردوو وڵاتیان تاوتوێ کردووە بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری".
زەیدی لە کۆبوونەوەکەدا سەرکۆنەی هێرشکردنە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی شا خالیدی لە ریاز کرد. گوتی: "حکومەتی عێراق دژی هەر جۆرە هێرشێکە کە هاووڵاتییانی سڤیل و دامەزراوە سڤیلەکان بکاتە ئامانج، چونکە ئەمە هەڕەشەیەکی گەورەیە بۆ سەر سەقامگیریی ناوچەکە".
سەرۆکوەزیرانی عێراق راشیگەیاند: "عێراق پابەندە بە پرەنسیپی دراوسێیەتی باش و رێزگرتن لە سەروەریی وڵاتان. گوتیشی: "هەڵوێستمان جێگیرە کە بە هیچ شێوەیەک رێگە نادەین خاکی عێراق بۆ ئەنجامدانی کارێکی شەڕانگێزی بەرامبەر بە سعودیە یان هەر وڵاتێکی دیکە بەکاربهێنرێت."
لە بەرامبەردا، محەممەد بن سەلمان پاڵپشتیی سعودیەی بۆ هەوڵەکانی حکومەتی عێراق دەربڕی لە بەهێزکردنی دیالۆگ و جێگیرکردنی ئاسایش لە ناوچەکەدا. هەردوو لایەن رێککەوتن لەسەر بەهێزکردنی هاوئاهەنگییە ئەمنییەکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکان.


