رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای ژیریی دەستکردی (ئۆپن ئەی ئای) و داواکارانی گشتیی ئەمریکا رایانگەیاند، کارمەندێکی سعودیی کۆمپانیاکە بە تۆمەتی دانانی ئامێرێکی دەنگی (بۆ گوێگرتن) لە یەکێک لە نووسینگەکانیان لە سان فرانسیسکۆ دەستگیر کراوە.
(ئۆپن ئەی ئای) کە خاوەنی (چات جی پی تی)یە رایگەیاند: "ئامێرێکی پێشکەوتووی تۆمارکردنی دەنگمان دۆزییەوە کە لە ناو یەکێک لە نووسینگەکانمان شاردرابووەوە و پرسەکەمان رادەستی نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی (FBI) کرد."
وەزارەتی دادی ئەمریکا رایگەیاند، تیمی ئاسایشی (ئۆپن ئەی ئای) کۆتایی مانگی رابردوو ئامێرەکەیان دۆزیوەتەوە و رۆژی 9ـی تشرینی یەکەمیش ئەو کارمەندە کە ناوی (عەبدولڕەحمان فەوزان)ـە و هاووڵاتییەکی سعودییە، دەستگیر کراوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی وەزارەتی دادی ئەمریکا، فەوزان کە ئەندازیارێکی تەمەن 35 ساڵە و لە مانگی تەممووزی 2025ـەوە بۆ ئۆپن ئەی ئای کار دەکات، تۆمەتبارە بەوەی ئامێرێکی جۆری USBـی لەنێو کلینێکسێکی توالێت پێچاوەتەوە و خستوویەتییە نێو تەلەڤزیۆنێکەوە لە ژووری کۆبوونەوەی بەڕێوەبەرە باڵاکان.
هەروەها لە کامێراکانی چاودێرییەوە دەرکەوتووە کە چەندین جار "لە نزیک" ژووری کۆبوونەوەکە بووە، لە کاتێکدا رێگەپێدراو نەبووە بەشداری لەو کۆبوونەوانەدا بکات کە لەوێ دەکرێن.
وەزارەتی دادی ئەمریکا رایگەیاند، فەوزان "ئامرازێک"ـی بەکارهێناوە بۆ گەڕان بەدوای زانیاریی زیاتر لەسەر باڵەخانەکانی کۆمپانیاکە، ژوورەکانی کۆبوونەوە، خشتەی کاتەکان و شوێنی کەسەکان. ئەوەش خراوەتەڕوو، هەژمارێکی چات بۆت (Chatbot) کە پەیوەستە بە هاوژینەکەی فەوزانەوە، پرسیاری تێدابووە پەیوەست بە تۆمارکردنی دەنگ لە دوورەوە.
جەی کلایتن، بەڕێوەبەری هەواڵگریی نیشتمانیی ئەمریکا لە راگەیێندراوەکەدا گوتی: "ئەم دۆخە مەترسیدارە جەخت لەوە دەکاتەوە کە بۆچی بردنەوەی پێشبڕکێی جیهانیی (ژیریی باڵا) مافێکی لەپێشینەی ئاسایشی نیشتمانییە. کۆمەڵگەی هەواڵگری پابەندە بە پاراستنی خاوەندارێتییە هزرییە پێشکەوتووەکانی ئەمریکا لە هەڕەشە دەرەکییەکان."
ئەم دەستگیرکردنە لە کاتێکدایە، پێشبڕکێیەکی تووندی جیهانی بۆ کۆنترۆڵکردنی ژیریی دەستکرد هەیە، کە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ هەوڵ دەدات ناوەکەی بۆ (ژیریی باڵا) بگۆڕێت.
پێشتریش کۆمپانیای (Humain)ـی سعودیی کە لەلایەن حکومەتی ئەوێوە پاڵپشتی دەکرێت، 3 ملیار دۆلاری لە کۆمپانیای xAIـی ئیلۆن مەسک وەبەرهێنا، کەمێک پێش ئەوەی کۆمپانیای سپەیس ئێکس (SpaceX) لە مانگی شوباتدا بەشی ژیرییە دەستکردەکەی بکڕێت. ئێستا ئەو بەشە بە (SpaceXAI) ناسراوە و پار رایگەیاند، لەگەڵ کۆمپانیا سعودییەکە کار دەکەن بۆ دروستکردنی ناوەندێکی زانیاریی 500 مێگاواتی لە سعودیە.
هێشتا روون نەبووەتەوە کە ئەو ئامێرەی گوێگرتن چ زانیارییەکی کۆکردووەتەوە. ئۆپن ئەی ئای دەڵێ: "هیچ ئاماژەیەکمان نییە کە ئەم کەسە بە شێوەیەکی نەگونجاو دەستی بە مۆدێلەکان، کۆدی سەرچاوە، یان زانیاریی کڕیاران گەیشتبێت."
بەگوێرەی وەزارەتی دادی ئەو وڵاتە، تیمی ئاسایشی ئۆپن ئەی ئای ئامێرێکی دیکەشیان لەنێو جانتایەکی جێهێڵدراوی فەوزاندا دۆزیوەتەوە. هەروەها لە کامێراکانی چاودێریی نێو ژوورە قەدەخەکراوەکەی کۆبوونەوەدا دەرکەوتووە، فەوزان سەیری پشتی ئەو تەلەڤزیۆنە دەکات کە ئامێرەکەی تێدا دانراوە.
هەژمارێکی لینکدئین (LinkedIn) کە لەگەڵ ناو و سیڤییەکەی فەوزان یەکدەگرێتەوە، دەریدەخات کە پێشتر لە کۆمپانیای مێتا (خاوەنی فەیسبووک)، کۆمپانیایەکی ژیریی دەستکرد و کۆمپانیایەکی وەبەرهێنان کاری کردووە. هەروەها لە زانکۆی کالیفۆرنیا لە بێرکلی و پەیمانگەی تەکنەلۆژیای ماسەچووسێتس (MIT) خوێندوویەتی.
وەزارەتی داد رایگەیاند، فەوزان تۆمەتبار کراوە بە "بەکارهێنان یان هەوڵدان بۆ بەکارهێنانی ئامێرێکی ئەلیکترۆنی، میکانیکی، یان ئامێرێکی دیکە بۆ گوێگرتن لە پەیوەندییە زارەکییەکان،" کە بەهۆیەوە رەنگە رووبەڕووی سزای تاوەکو پێنج ساڵ زیندانیکردن و 250 هەزار دۆلار پێبژاردن ببێتەوە.
وەزارەتەکە لە راگەیێندراوەکەیدا هیچ تۆمەتێکی سیخوڕیی ئاراستەی فەوزان یان سعودیە (کە هاوپەیمانێکی نزیکی ئەمریکایە) نەکردووە و بڕیارە رۆژی 19ـی ئۆکتۆبەر لە دادگەیەکی فیدراڵی ئامادە بێت.
پێشتریش لە ساڵی 2022، ئەحمەد ئەبوعەمۆ، کارمەندێکی پێشووی تویتەر، بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ بەرپرسانی سعودیە بە مەبەستی ئاشکراکردنی ناسنامەی رەخنەگرانی سەر پلاتفۆرمەکە، بە تاوانبار ناسێندرا.



