رۆژنامەی نیویۆرک پۆستی ئەمریکی لە راپۆرتێکی تایبەتدا نووسی، هێزەکانی ئۆپەراسیۆنی تایبەتی ئەمریکا ئامادەکاری بۆ کردنی "ئاڵۆزترین ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە مێژوودا" دەکەن بە مەبەستی دەستبەسەرداگرتن و دەرکردنی یۆرانیۆمی پیتێندراوی ئێران لە پێگە ئەتۆمییە قایمکراوەکانی ئەو وڵاتەدا. رۆژنامەکە رۆژی شەممە 25-07-2026 بڵاویکردەوە، گفتوگۆکانی تایبەت بە پرسی ئەتۆمیی ئێران بە خێرایی ناچنە پێشەوە. جۆزێف رۆجەرز، جێگری بەڕێوەبەری ناوەندی توێژینەوەی ستراتیژی و نێودەوڵەتی (CSIS) لە واشنتن رایگەیاند: "پێموایە گونجاوترین رێگە بۆ رزگاربوون لە کەرەستە ئەتۆمییەکانی ئێران، لانیکەم بۆ ئێستا، تەنیا ئۆپەراسیۆنێکی سەربازییە." بەگوێرەی سەرچاوەیەکی نزیک لە پلاندانانی سەربازیی واشنتن، ئەم ئۆپەراسیۆنە ئاڵۆزە پێویستی بە هەزاران سەربازی زەوینی دەبێت بۆ کۆنترۆڵکردنی پێگە ئەتۆمییەکان، پێویستیشە هێزەکان رووبەڕووی بۆمبی چێندراو ببنەوە و هاوکات پشت بە تیمی ئەندازیاریی بیناسازی ببەستن بۆ هەڵکەندنی دەروازە تێکشکاوەکان، لەگەڵ جێگیرکردنی هێزێکی بەرگریی گەورە لە دەوروبەری پێگەکان. بەپێی راپۆرتێکی ماڵپەڕی سەربەخۆی زە های ساید، ئەو هێزانەی رەنگە بەشداری بکەن پێکهاتوون لە سکوادرۆنی زیوینی تیمی شەشەمی هێزی دەریایی ئەمریکا، بەتالیۆنی دووەمی رەینجەرز و یەکەی 21ی کەرەستەی تەقەمەنیی سوپای ئەمریکا ناسراو بە (بلاکجاکس). بەگوێرەی راپۆرتەکە، ئەرکی سەرەکیی یەکەی 21، مامەڵەکردن و گواستنەوەی سەرجەم ئەو یۆرانیۆمە پیتێندراوە دەبێت لە پێگەکانی فۆردۆ و ئەسفەھان کە زیانی گەورەیان بەرکەوتووە. ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی (IAEA) لە راپۆرتێکی ساڵی 2025ـدا رایگەیاندبوو، ئێران خاوەنی زیاتر لە 20 هەزار پاوەند (نزیکەی 9 هەزار کیلۆگرام) یۆرانیۆمی پیتێندراوە. ریچارد گۆڵدبێرگ، کە وەک بەڕێوەبەری رووبەڕووبوونەوەی چەکە کۆمەڵکوژەکانی ئێران لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا (NSC) لە خولی یەکەمی ئیدارەی ترەمپدا کاری کردووە، کێشەی هێشتنەوەی هێزەکان و گواستنەوەی کەرەستەکانی بە فڕۆکە خستەڕوو. گۆڵدبێرگ گوتی، ئێران لەم دواییانەدا سەرقاڵی قایمکردنی پێگەی ئەسفەھان بووە و بۆمبی چێندراوی جێگیر کردووە، کە بەهۆیەوە "ناکرێ هێرشەکە لەناکاو بکرێ." هەروەها، بەپێی راپۆرتێکی مانگی پێشووی کەناڵی (CNN)ـی ئەمریکی، ئێران مین و تەقەمەنی زۆری لە ناو توونێلەکانی پێگەی ئەسفەھاندا جێگیر کردووە بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر هێرشێک. ئاژانسی ئەی پی پێشتر وێنەی مانگی دەستکردی ئەسفەهانی بڵاوکردبووەوە کە قایمکارییەکانی تێدا دەرکەوتبوو. کێوی قوڵنگ لە ناوچەی نەتەنز بووەتە ئامانجێکی نوێی ئەمریکا دوای ئەوەی راپۆرتەکان دەریانخست تاران لە مانگی رابردوودا بە سەدان ئامێری سەنتەریفیوجی گواستووەتە ئەوێ. گۆڵدبێرگ ئاماژەی بەوە کرد، ئۆپەراسیۆنەکە لە کێوی قوڵنگ دەکرێت وەک هێرشەکەی سەر سەرۆکی پێشووی ڤەنزوێلا بێت لە ناو کۆشکی سەرۆکایەتی کاراکاس، "کە تێیدا هێزەکان دزە دەکەن، تەقەمەنی جێگیر دەکەن و خێرا دەردەچن، ئەم رێکارە جیاوازە لە وێستگەکانی فۆردۆ و ئەسفەهان کە ئەمریکا تێیاندا بۆمبی حەشار شکێنی بەکارهێنا."
رۆژهەڵاتی نێوەڕاست26-07-2026سێنتکۆم: گەمارۆی دەریایی سەر ئێران بە تەواوی بەردەوامە و دوو کەشتی لەکارخران