رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی دووبەی دەستپێشخەرییەکی نوێی بۆ بووژاندنەوەی کەرتی گەشتیاری رایدەگەیێنێت کە تێیدا بڕی 800 دۆلار دەداتە هەر هاووڵاتییەکی نیشتەجێی میرنشینەکە کە بتوانێت گەشتیارێک لە دەرەوەی وڵات رازی بکات سەردانی شارەکە بکات. ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت کە بەهۆی جەنگی ئێران و ئەمریکاوە، داهاتی کۆمپانیا گەشتیارییەکانی ئەو شارە لە نێوان 50٪ بۆ 80٪ کەمی کردووە.
بەپێی پڕۆگرامی (بانگهێشتی دووبەی) کە لەلایەن وەزارەتی ئابووری و گەشتوگوزاری ئیماراتەوە دەستیپێکردووە، دانیشتووانی شارەکە دەتوانن ناوی خزم و هاوڕێیانیان تۆمار بکەن و لە بەرامبەردا (پاکێجێکی سوودمەند) بە بەهای 800 دۆلار وەربگرن، کە مانەوە لە هۆتێل، داشکاندنی خواردن و بلیتی شوێنە گەشتیارییەکان دەگرێتەوە.
مەرجەکانی سوودمەندبوون لەم پڕۆگرامە ئەوەیە کە گەشتیارەکە پێش 31ـی تشرینی یەکەم بگاتە دووبەی و دانیشتووی ئیمارات نەبێت. هەر هاووڵاتییەک دەتوانێت تاوەکو 3 جار ئەم خەڵاتە وەربگرێت و پاکێجەکانیش تاوەکو مانگی کانوونی یەکەم بەردەست دەبن. بەگوێرەی میدیای فەرمیی ئیمارات، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 10,000 کەس داواکارییان پێشکەش کردووە.
کاردانەوەی جەنگ لەسەر گەشتیاری
ئەم هەوڵانە لە کاتێکدایە کە وێنەی (ئارامیی دووبەی) لە مانگی شوباتی ئەمساڵدا درزی تێکەوت، کاتێک تاران وەک تۆڵەیەک، بە زنجیرەیەک مووشەک و درۆن هێرشی کردە سەر ئیمارات و یەکێک لە مووشەکەکان بەر هۆتێلی فێرمۆنت و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی دووبەی کەوت.
دووبەی کە لە ساڵی 2025ـدا بە پێشوازیکردن لە 20 ملیۆن گەشتیار گەیشتبووە لووتکەی مێژوویی خۆی، ئێستا بە قۆناخێکی سەختدا تێدەپەڕێت. راپۆرتە ئەمریکایی و بەریتانییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ژمارەی ئەو هێڵە ئاسمانییانەی لە فڕۆکەخانەکانی دووبەی کار دەکەن بۆ نیوە کەم بووەتەوە، چونکە گەشتیاران چیدیکە متمانەیان بە ئاسمانی ناوچەکە نەماوە.
دۆخەکە وای کردووە هەندێک لە ناودارترین هۆتێلەکان بە تەواوی دابخرێن یان پڕۆسەی نۆژەنکردنەوەیان پێش بخەن؛ بۆ نموونە هۆتێلی "بورجولعەرەب" بۆ ماوەی 18 مانگ دادەخرێت. شارەزایەکی ئابووری لەمبارەیەوە بە رووداوی گوت، "ئەم پڕۆژە نوێیەی حکومەت هەوڵێکە بۆ کەمکردنەوەی ئەو گوشارە داراییە گەورەیەی کەوتووەتە سەر کەرتی تایبەت."
هۆتێلەکان ئێستا بە هاوئاهەنگی لەگەڵ حکومەت، داشکاندنی 45٪ و شەوانی مانەوەی بێبەرامبەر پێشکەش دەکەن تاوەکو دووبەی بگەیندرێتەوە سەر نەخشەی گەشتیاریی جیهانی.



