رووداو دیجیتاڵ
لەگەڵ زیادبوونی گرژییەکانی نێوان هەردوولا، رۆژی شەممە، 25ی تەممووزی 2026، حووسییەکانی یەمەن رایانگەیاند، چەند دامەزراوەیەکی نەوتییان لە کەناراوەکانی رۆژئاوای سعودیە لەسەر دەریای سوور کردووەتە ئامانج.
ئەم هێرشەی حووسییەکان چەند کاژێرێک دوای ئەوە دێت کە ریاز چەندین هێرشی ئاسمانیی کردە سەر پێگەی ئەو هاپەیمانەی ئێران لە شاری حودەیدە لە یەمەن.
یەحیا سەریع، گوتەبێژی سەربازیی حووسییەکان لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت: "هێزە چەکدارەکانی یەمەن دوو ئۆپەراسیۆنی سەربازیی تایبەتیان ئەنجامداوە؛ لە یەکەمیاندا لەرێگەی دەیان مووشەکی بالیستی و فڕۆکەی درۆنەوە ئامانجە هەستیارەکانی سەر بە کۆمپانیای ئارامکۆ لە ناوچەی جیزان کرانە ئامانج. لە ئۆپەراسیۆنی دووەمیشدا، ئامانجە هەستیارەکانی سەر بە هەمان کۆمپانیا لە ناوچەی یەنبوع هێرشیان کرایە سەر."
گوتەبێژە سەربازییەکە هۆشداریشی دا بە سعودیە و گوتی: "لەگەڵ پێشهاتەکانی چەند کاژێر و رۆژەکانی داهاتووەوە، جووڵەکانمان فراوانتر دەکەین و هەنگاوەکانمان ئاڵۆزتر دەکەین."
هەرچەندە دامودەزگەکانی سعودیە بۆ ماوەیەک زەنگی مەترسییان لەو دوو ناوچەیە لێدا و دواتر رایانگەیاند کە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەیان کۆتایی هاتووە، بەڵام لە ڤیدیۆیەکدا کە بڵاوبووەتەوە و ئاژانسی فرانس پرێس پشتڕاستی کردووەتەوە، دووکەڵێکی رەش بەسەر پاڵاوگەیەکی ئارامکۆ لە جیزان دەبینرێت.
حووسییەکان گەمارۆی دەریاییان خستووەتە سەر ئەو کەشتییانەی لە سعودیە کە گەورەترین هەناردەکاری نەوتە لە جیهاندا بەرەو دەریای سوور دەچن. ئەمەش کێشەیەکی گەورەیە بۆ سعودیە، چونکە بەهۆی ئەوەی ئێران تەنگەی هورمزی داخستووە، سعودیە پشتی بە دەریای سوور بەستبوو بۆ هەناردەکردنی نەوتەکەی.
لە بەرامبەردا، ئێران بەردەوامە لە کۆنترۆڵکردنی تەنگەی هورمز. رۆژی شەممە سوپای پاسداران رایگەیاند کە بە تەقەی هۆشداری، رێگرییان لە چوار کەشتی کردووە کە ویستوویانە بە رێگەیەکی "نایاسایی و نائارام" بە تەنگەکەدا تێپەڕن.
هەڵوێستی ترەمپ و ئاماری قوربانییان
سەرەڕای ئەوەی شەوی هەینی ئێران هیچ هێرشێکی بەخۆیەوە نەبینی، بەڵام دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هۆشداری دا کە رەنگە هێرشی "زۆر قورستر" بکەنە سەر ئێران. ترەمپ گوتی، ئەمریکا کراوەیە بۆ دیپلۆماسی و دانوستاندن و پێیوایە ئێرانییەکان "رۆژ بە رۆژ جیددیتر دەبن" بۆ گەیشتن بە رێککەوتن، ئەوەش بەهۆی ئەو بۆردوومانە رۆژانەیەی ئەمریکا دەیکات.
لە سەرەتای دەستپێکردنەوەی شەڕەکە لەم مانگەدا، ئێران هێرشی کردووەتە سەر بنکەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی عەرەبی. بەپێی ئامارەکان، تاوەکو ئێستا 4 سەربازی ئەمریکی لە ئوردن و هەولێر کوژراون. لە ناوخۆی ئێرانیشدا، حکومەت دەڵێت لە کۆتایی مانگی حوزەیرانەوە 59 کەس کوژراون و زیاتر لە 600 کەسیش بریندار بوون.
بەهۆی ئەم شەڕانەوە، نرخی نەوت لە جیهاندا بەردەوام لە گۆڕاندایە و بۆ ماوەیەک بەرمیلێک نەوت گەیشتە سەرووی 100 دۆلار. لە کاتێکدا هەوڵەکانی دیپلۆماسی و دانوستاندن هێشتا بەردەوامن، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران داوای کرد کە کێشەی یەمەن و تەنگەی بابولمەندەب لەرێگەی گفتوگۆوە چارەسەر بکرێن نەک بە رێگەی سەربازی.


