رووداو دیجیتاڵ
رێکخراوی ئۆپەراسیۆنە بازرگانییە دەریاییەکانی بەریتانیا (UKMTO) هۆشدارییەکی بڵاوکردەوە کە دەڵێت، "راپۆرتێکی پشتڕاستکراوەیان" پێگەیشتووە لەبارەی رووداوێک لەنێوان کەشتییەکی نەوتهەڵگر و هێزە سەربازییەکان لە کەنداوی عومان.
بەپێی ئەو هۆشدارییەی کە رۆژی شەممە (25ـی تەممووزی 2026) بڵاوکراوەتەوە، رووداوەکە لە رۆژی 24ی تەممووزدا بووە. لەگەڵ راگەیێندراوەکەشدا، نەخشەیەکیان داناوە کە شوێنی رووداوەکە لە نزیک بەندەری فوجەیرەی عومان نیشان دەدات. دەسەڵاتداران ئاگاداری دۆخەکەن و لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن.
ئاژانسە بەریتانییەکە ئامۆژگاریی ئەو کەشتییانە دەکات کە لەو ناوچەیەدا هاتووچۆ دەکەن، ئاگاداری نوێترین زانیارییە ئەمنییەکان بن و بەوردی چاودێریی دۆخەکە بکەن.
ئەم هۆشدارییە لە کاتێکدایە کە گرژییەکان لە کەنداو و ئاوەکانی دەوروبەری زیادیان کردووەتەوە، ئەویش بەهۆی تووندبوونەوەی شەڕی نێوان ئەمریکا و ئێران کە کاریگەریی گەورەی لەسەر هاتووچۆی کەشتییە بازرگانییەکانی تەنگەی هورمز و کەنداوی عومان هەبووە.
دەستەی UKMTO کە کاری دابینکردنی زانیاریی ئەمنی و دروستکردنی پەیوەندییە لەنێوان کەشتییە بازرگانییەکان و هێزە سەربازییەکان، بەردەوام ئەم جۆرە هۆشدارییانە بڵاودەکاتەوە بۆ پاراستنی سەلامەتیی هاتووچۆ لەو ناوچە مەترسیدارانەدا.
لە راگەیێندراوەکەیاندا، هیچ وردەکارییەکی دیکەیان نەداوە لەسەر ئەوەی کە کەشتییەکە کێ بووە، رووداوەکە چۆن بووە، یان ئایا هیچ زیانێکی گیانی و ماددی هەبووە یان نا. تەنیا داوا لە کەشتییەکان کراوە کە وریابن و هەر جووڵەیەکی گوماناوی هەبوو دەستبەجێ ئاگاداریان بکەنەوە.


