رووداو دیجیتاڵ
ئەمینداری گشتیی کەتیبەکانی سەیدولشوهەدا هۆشداری دەداتە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و دەڵێت، سەقامگیریی هاتووچۆی دەریایی لە تەنگەی بابولمەندەب بەندە بە لادانی گەمارۆکانی سەر یەمەن.
ئەبو ئالا وەلائی، ئەمینداری گشتیی کەتیبەکانی سەیدولشوهەدا، رۆژی هەینی، 24-07-2026، لە پەیامێکدا کە لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) بڵاویکردووەتەوە، رایگەیاندووە: "فەلسەفەی رێگری و ترساندن تەنیا بە چەکی ئەتۆمی ناکرێت، بەڵکو گەلانی موقاوەمە خاوەنی شوێنێکی جوگرافیی ستراتیژیین، کە کاریگەرییەکی بێ وێنەی لەسەر دەمارە سەرەکییەکانی بازرگانیی جیهانی هەیە."
وەلائی لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە، ئەگەر هەموو دەرگاکانی ژیان لەبەردەم یەمەنییەکاندا دابخرێن، ئەوا "مافی خۆیانە تەنگەی بابولمەندەب دابخەن، بۆ ئەوەی جیهان ببیستێت کە ئەوان بە بێدەنگی گیان لەدەستنادەن."
ئەمینداری گشتیی کەتیبەکانی سەیدولشوهەدا، کە کەتیبەکەی یەکێکە لە گرووپە چەکدارە دیارەکانی نێو موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق، روو لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات و دەڵێت: "دەرگاکانی گەمارۆ لەسەر یەمەن بکەنەوە، بۆئەوەی تەنگەکەتان بۆ بکرێتەوە. ئەگەر ئێوە گوشارەکانی سەر یەمەن تووند بکەن، ئەوا رێگەی تەنگەکەشتان لێ تەسک دەبێتەوە."
تەنگەی بابولمەندەب دەکەوێتە باشووری نیمچە دوورگەی عەرەبی کە دەریای سوور بە کەنداوی عەدەن دەبەستێتەوە و یەکێکە لە گرنگترین رێڕەوە ئاوییەکانی جیهان.
نزیکەی 12%ـی بازرگانیی جیهانی، لەنێویاندا چارەکێکی جموجووڵی کۆنتەینەرەکانی جیهان، بەنێو ئەم تەنگەیەدا تێدەپەڕن بۆ گواستنەوەی کاڵاکان.
حووسییەکانی یەمەن دەڵێن، وەک وەڵامێک بۆ گەمارۆی سعودیە بۆ سەر یەمەن و هێرشەکەی ئەم دواییە بۆ سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سەنعا، تەنگەی بابولمەندەبیان بەڕووی ئەو کەشتییانەدا داخستووە کە پەیوەندییان بە سعودیەوە هەیە.



