رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی ئێران دەڵێت، ئەگەر سەربازانی ئەمریکا بە رێگەی وشکانییەوە هێرش بکەنە سەر ئێران، ''وانەیەکی باش''ـیان پێدەدەن؛ دەشڵێت ئامادەکاریی تەواویان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەگەریی ئۆپەراسیۆنی زەوینیی ئەمریکا کردووە.
ئەمڕۆ هەینی 24-07-2026، عەلی زەینی وەند، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی ئێران سەبارەت بە ئەگەری هێرشی زەوینیی ئەمریکا بۆ سەر وڵاتەکەی رایگەیاند، "ئۆپەراسیۆنی زەوینی زیاتر لە چاوسوورکردنەوە دەچێت؛ بەڵام ئەگەر راستیش بێت، ئێمە ئامادەکاریی تەواومان بۆ کردووە."
عەلی زەینی وند ئاماژەی بە دۆخی ئەمنیی ئێران کرد و گوتی: ''وڵات بە تەواوی سەقامگیرە و هیچ نیگەرانییەکمان نییە. بێگومان ئێمە بە تەواوی بەسەر دۆخەکەدا زاڵین.''
گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی ئێران هۆشداری دایە هێزەکانی ئەمریکا و گوتی، ئەگەر بتوانن لە رێگەی وشکانییەوە هێڕش بکەن، ئەوە هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەی ''وانە''ـیەکی باشیان پێدەدەن، ''هەرچەندە خاوەنی هێزی مووشەکی و درۆنین، بەڵام رۆژی ئێمە رۆژی ئۆپەراسیۆنی زەوینییە، ئەگەر دەتوانن با بێن، پێشوازییان لێدەکەین.''
قسەکانی عەلی زینی وەند لەکاتێکدایە 13 رۆژە ئەمریکا لە ئۆپەراسیۆنی لێدان لە ژێرخانی سەربازیی ئێران بەردەوامە. هاوکات هێزە چەکدارەکانی ئێرانیش هێرشەکانیان بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی ناوچەکە نەوەستاندووە.



