رووداو دیجیتاڵ
سوپای کۆماری ئیسلامیی ئێران (ئەرتەش) رایگەیاند، لە رێگەی درۆنی بۆمبڕێژکراوەوە، سێ بنکەی هێزەکانی ئەمریکایان لە خاکی کوێت کردووەتە ئامانج.
ئەمڕۆ هەینی، 24ی تەمموزی 2026، پەیوەندییە گشتییەکانی ئەرتەشی ئێران لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە چوارچێوەی قۆناخی 25ی "ئۆپەراسیۆنی هەورە برووسکە" و وەک وەڵامێک بۆ هێرشەکانی ئەمریکا، هێرشێکی بەربڵاویان کردووەتە سەر بارەگاکانی سوپای ئەمریکا لە کوێت.
لە راگەیێندراوەکەی ئەرتەشی ئێراندا هاتووە، "لەم هێرشەدا فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی جۆری 'ئارەش' بەکارهێنراون و کۆگاکانی چەک و تەقەمەنی لە سەربازگەی 'عەدێری'، شوێنی جێگیربوونی سەربازانی ئەمریکا لە بنکەی 'دەوحە'، مەڵبەندی هێزەکانی ئەمریکا لە سەربازگەی 'عەریفجان' لە کوێت کراونەتە ئامانج و بە وردی پێکراون."
ئەرتەشی ئێران جەختی لەسەر بەردەوامیی زنجیرە هێرشە موشەکی و درۆنییەکانی کردووەتەوە و رایگەیاندووە: "هەڕەشەکانی سەرۆکی ئەمریکا، تەنیا ویست و ئیرادەی گەل و هێزە چەکدارەکانمان لە دژی دەستدرێژیکاران بەهێزتر دەکات."
لەکۆتایی راگەیێندراوەکەدا، ئەرتەشی ئێران هۆشداری دەداتە ئەمریکا و دەڵێت، "هەر جۆرە سەرکێشییەکی نوێ و کردنەوەی بەرەیەکی نوێی شەڕ، دووبارەکردنەوەی هەڵە ستراتیژییەکانی پێشوویەتی و دەرەنجامەکەی تەنیا سەرشۆڕی بۆ ئەمریکا و سەرکەوتن بۆ ئێران دەبێت."
ئەمە لەکاتێکدایە، هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر پێگە سەربازییەکان و ژێرخانەکانی ئێران بەردەوامن.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، بۆ 13ـەمین شەوی لەسەریەک هێرشیان کردووەتە سەر ئێران. لە بەرامبەردا هێزە چەکدارەکانی ئێرانیش بە پاساوی زیانگەیاندن بە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا بەردەوامن لە هێرشەکانیان بۆ سەر وڵاتانی ناوچەکە.



