رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسی راگەیاندنی وەزارەتی تەندروستیی ئێران رایگەیاند، بەهۆی هێرشەکانی ئەم دواییەی ئەمریکاوە 55 کەس کوژران و 629ـی دیکەش بریندار بوون.
ئەمڕۆ هەینی 24-07-2026، حوسێن کرمانپوور، بەرپرسی راگەیاندنی وەزارەتی تەندروستیی ئێران ئاماری نوێی تایبەت بە زیانی گیانیی هێرشەکانی ئەمریکای بڵاو کردەوە.
بەگوتەی حوسێن کرمانپوور، لە 27-06-2026ـەوە تاوەکو 23-07-2026، لانیکەم 55 کەس لە هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر وڵاتەکە کوژراون. هەروەها 629 کەسیش بریندار بوون کە برینی ژمارەیەکیان قورسە.
بەپێی ئامارەکە، لەنێو کوژراواندا شەش ژن و سێ منداڵی تەمەن خوار 18 ساڵ هەن، هەروەها 70 ژن و منداڵیش بریندار بوون.
راگەیاندنی ئامارەکە لەکاتێکدایە لە هێرشەکانی بەرەبەیانی ئەمڕۆی ئەمریکادا بۆ سەر ئەهوازی خوزستان، لانیکەم چوار کەسی دیکە کوژران و پێنجی کەسیش بریندار بوون.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ، ئەمریکا بۆ 13ـیەم رۆژی لەسەریەک هێرشی کردە سەر ناوچە جیاجیاکانی ئێران. لە بەرامبەردا هێزە چەکدارەکانی ئێرانیش بەردەوام بوون لە هێرشی درۆنی و مووشەکی بۆ سەر وڵاتانی ناوچەکە.


