رووداو دیجیتاڵ
وڵاتانی ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداو و ئوردن، لە بەرامبەر هێرشە درۆنی و مووشەکییەکانی ئێران بۆ سەر وڵاتەکانیان رایانگەیاندووە، ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەر خاک و دامەزراوە ستراتیژییەکانیان، هەڕەشەیەکی راستەوخۆن بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە. داواش لە حکومەتی عێراق دەکەن هێرشی گرووپە چەکدارەکان رابگرێت.
لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا، وڵاتانی کەنداو و ئوردن پێشوازییان لە هەنگاوەکانی حکومەتی عێراق کردووە بۆ کۆنترۆڵکردنی چەک لە دەستی دەوڵەت دا. هاوکات داوا بەغدا دەکەن، "رێگری لە هەر چالاکییەکی چەکداری بکات کە ببێتە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی وڵاتانی ناوچەکە"، ئاماژە بەوەش کراوە، پاڵپشتی لەو رێکارانە دەکەن کە دەبنە هۆی بەهێزکردنی سەروەریی عێراق.
حەوت وڵاتە عەرەبییەکە رایانگەیاندووە، پێشهاتە سەربازییەکان و هێرشەکان ناوچە و دامەزراوە گرنگەکانی وەک وزە، وێستگەکانی سازگارکردنی ئاوی دەریا، بەندەر و فڕۆکەخانەکانیان کردووەتە ئامانج. دەشڵێن، "ئەم هێرشانە پێشێلکارییەکی ئاشکرای یاسا و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکانن."
وڵاتانی کەنداو و ئوردن هۆشداری دەدەن و دەڵێن، پابەندی مافی رەوای خۆیانن لە بەرگریکردن لە ئاسایش و سەروەرییان، هەروەها گرتنەبەری هەموو رێکارە یاساییە پێویستەکان بۆ پاراستنی خاک و هاووڵاتی و بەرژەوەندییەکانیان، بەپێی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان.
هەروەها داوا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەکەن کە هەڵوێستێکی "بەپەلە و جیددی" بنوێنێت بۆ راگرتنی هێرشەکان. هۆشداریشیان دا لە بەردەوامیی هەڕەشەکان بۆ سەر ئاسایشی دەریاوانی لە هەردوو تەنگەی هورمز و بابولمەندەب.
رۆژی سێشەممە ئێران هێرشی چڕی کردە سەر بنکە و دامەزراوەکانی رادار و بەرگریی ئاسمانیی ئەمریکا لە ئوردن، کوێت و بەحرێن. هەروها دەستی بەسەر دوو کەشتیی نەوتهەڵگردا گرت لە تەنگەی هورمز و هۆشداریی هێرشی "یەکلاکەرەوەتر"ی دا.
لە لایەکی دیکەوە، حووسییەکانی یەمەن گەمارۆی دەریاییان خستە سەر بەندەرەکانی سعودیە، ئەمەش مەترسیی پەککەوتنی هەناردەی نەوت و فراوانبوونی شەڕەکەی زیاتر کردووە؛ لە بەرامبەردا سوپای ئەمریکا (سێنتکۆم) زنجیرەیەک هێرشی بۆ سەر ناوەندەکانی فەرماندەیی و سەکۆکانی درۆنی ئێران دەستپێکردووە.


