رووداو دیجیتاڵ
لە ئازەربایجان یاسایەک چووەتە واری جێبەجێکردن کە لە قوتابیان و مامۆستایانی کچی قوتابخانە حکومییەکانی قەدەخە دەکات بە لەچکەوە بچنە دەوام، ئەوەش ناڕەزایەتیی زۆری لێکەوتووەتەوە.
ناڕەزایەتی و بایکۆتی قوتابیان راگەیێندراوە سەبارەت بە یاسا نوێیەکانی پۆشاکی قوتابخانە، کە رەخنەگران دەڵێن توانای کچان بۆ پۆشینی لەچکی ئیسلامی لە قوتابخانە حکومییەکاندا سنووردار دەکات.
ناکۆکییەکە دوای بڕیاری ژمارە 309 دێت، کە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی ئازەربایجانەوە لە ئەیلوولی 2026 پەسند کرا. هەرچەندە یاساکە باڵاپۆشی قەدەخە ناکات، بەڵام ئەو پۆشاکانە قەدەخە دەکات کە پێیان وایە لەگەڵ "پرەنسیپی خوێندنی گشتیی عەلمانی"دا یەکناگرنەوە.
بەپێی راپۆرتەکان، بەڕێوەبەرانی قوتابخانەکان ئەم بڕگانەیان وەک پاساوێک بۆ رێگریکردن لە چوونەژوورەوەی قوتابیانی باڵاپۆش لێکداوەتەوە.
بەپێی زانیارییەکان، لە مانگی تشرینی یەکەمدا ئەم کۆتوبەندانە بۆ مامۆستایانی قوتابخانە حکومییەکانیش درێژکرانەوە و داوایان لێدەکرێت پابەندی یاسایەکی تووندتری پۆشاکی عەلمانی بن.
لە باکۆی پایتەخت و شارۆچکەی ماساڵی لە باشوور، راگەیێندراوە کە سەدان قوتابی بایکۆتی وانەکانیان کردووە. دایک و باوکانیش لە دەرەوەی قوتابخانەکاندا کۆبوونەتەوە بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی دژی کۆتوبەندەکان.
ئەم کەیسە سەرنجی زیاتری راکێشاوە دوای ئەوەی راگەیێندرا کە رۆژنامەنووسی سەربەخۆ، پۆلاد ئەسلانۆڤ کە لە زینداندایە، دەستی بە مانگرتن لە خواردن کردووە بەهۆی رێگریکردن لە کچەکەی بۆ چوونە قوتابخانە.
ئازەربایجان وڵاتێکی زۆرینە موسڵمانە و ژمارەی دانیشتووانەکەی نزیکەی 10 ملیۆن کەسە، بەڵام دەستوورەکەی دەوڵەتێکی عەلمانی جێگیر دەکات. حکومەت دەڵێت ئامانج لە یاسای پۆشاکەکە پاراستنی پرەنسیپە عەلمانییەکانی سیستمی پەروەردەیە.
رەخنەگران پێیان وایە کە یاساکان مەترسیی سنووردارکردنی ئازادیی ئایینی و مافی خوێندنیان هەیە، بەتایبەتی بۆ ئەو کچانەی کە خێزانەکانیان پۆشینی لەچک بە ئەرکێکی ئایینی دەزانن.
چالاکوانانی مافی مرۆڤ هۆشداری دەدەن کە رەنگە قوتابیان رووبەڕووی گوشار ببنەوە بۆ ئەوەی لە نێوان بیروباوەڕە ئایینییەکانیان و خوێندنەکەیاندا یەکێکیان هەڵبژێرن.
ئایا لەچک قەدەخە کراوە؟
وەڵامەکە نەخێرە. بەپێی یاساکەی ئازەربایجان یەکپۆشی لەنێو قوتابخانەکاندا یەکخراوەتەوە. تێیدا بە هیچ شێوەیەک وشەی لەچک بەکار نەهاتووە و گوتراوە کە دەبێ قوتابیان و مامۆستایان یەکپۆش بن و شتی زیادە لەبەر نەکەن، بەڵام هەندێ قوتابخانە "شتی زیادە" بە لەچک تێگەیشتوون و ناهێڵن قوتابی و مامۆستاکانیان بە لەچکەوە بچنە دەوام.
ناڕەزایەتی گەورە دروست بووە و پێدەچێت حکومەت و پەرلەمانی ئازەربایجان بەزوویی بڕیاری دیکە لەو بارەوە بدەن.



