رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی ئەرتەشی ئێران رایدەگەیێنێت: ئەرتەش سیناریۆی نوێی بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەمریکا پێشبینی کردووە.
رۆژی پێنجشەممە، 23ـی تەممووزی 2026، محەممەد ئەکرەمینیا، گوتەبێژی ئەرتەشی ئێران رایگەیاند: "هێرشە تۆڵەسێنەرەوەکانی هێزە چەکدارەکانی ئێران بەردەوام دەبن تاوەکو ئەو کاتەی هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر ژێرخان و ناوچە کەناراوەکانی ئەم وڵاتە بەردەوام بێت."
محەممەد ئەکرەمینیا گوتی: "ئەرتەشی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئامادەکارییەکانی بۆ هەر سیناریۆیەکی دووژمن بەرزکردووەتەوە، سیناریۆی نوێش پێشبینی کراون و کاریان لەسەر کراوە."
ئەکرەمینیا روونیکردەوە: "ئەرتەشی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە باشترین شێوە دەرفەتی ئاگربەستی بۆ بەرزکردنەوەی تواناکانی قۆستووەتەوە."
گوتەبێژی ئەرتەشی ئێران جەختیشی لەسەر تۆڵەسەندنەوەی کوژرانی عەلی خامنەیی، رێبەری پێشووی کۆماری ئیسلامیی ئێران کردەوە و گوتی: تۆڵەسەندنەوە داواکاریی گەلی ئێرانە و هێزە چەکدارەکان بۆ ئەم مەبەستە پلانی تایبەتی خۆیان ئامادە کردووە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند: بۆ 12ـەمین شەوی لەسەریەک هێرشیان کردووەتە سەر ئێران و شەپۆلێکی دیکەی هێرشەکانیان بە سەرکەوتوویی تەواو کردووە.
لە وەڵامدا ئێرانیش بە درۆن و مووشەک هێرشی کردە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە.


