رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی عێراق لە تاران لەگەڵ مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران کۆبووەوە و رایگەیاند: ئاسایشی هەردوو وڵات هاوبەشە و داوای فراوانکردنی وەبەرهێنانی هاوبەشی لەنێوان بەغدا و تاراندا کرد.
رۆژی پێنجشەممە، 23ـی تەممووزی 2026، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە تاران لەگەڵ مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران کۆبووەوە و بەگوێرەی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە کۆبوونەوەکەدا پرسی ئاسایش، ئابووری و میکانیزمی کاری لیژنەی هاوبەشی ئابووریی هەردوو وڵات تاوتوێ کراون.
"پەیوەندییەکانمان رەگ و ریشەی مێژووییان هەیە"
عەلی زەیدی رایگەیاندووە: سەردانەکەی گوزارشت لە قووڵیی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات دەکات. ئاماژەی بەوەش کردووە سەردانەکەی "نوێکردنەوەی ئەو پردە مێژووییەیە کە لە رووی ئایین، شارستانییەت، جوگرافیا و کولتوورەوە هەردوو گەل بە یەکدی دەبەستێتەوە."
سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتوویەتی: "ئاسایشی ئێمە هاوبەشە و رێگە نادەین خاکی عێراق بۆ هەڕەشەکردن لە ئێران بەکاربهێنرێت."
هەروەها نووسینگەکەی دەڵێت: زەیدی باسی هاوکارییەکانی پێشتری ئێرانی کردووە بۆ عێراق لە شەڕی دژی داعش و داوای کردووە "وەبەرهێنانی هاوبەش لە سەرجەم بوارەکاندا" دەستپێبکات.
پزیشکیان: سەقامگیری و ئاسایش کلیلی گەشەپێدانی ئابوورییە
لە راگەیێندراوەکەی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراقدا هاتووە: مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران سوپاسی خەڵکی عێراقی کردووە بۆ بەشدارییان لە رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی عەلی خامنەیی، رێبەری پێشووی کۆماری ئیسلامیی ئێران و ئاماژەی بەوە کردووە، هاوبەشییەکی زۆر لەنێوان هەردوو گەلدا هەیە.
مەسعود پزیشکیان رایگەیاندووە: "سەقامگیری و ئاسایش بۆ هەردوولا گرنگە، چونکە کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر گەشەپێدانی ئابووری دەبێت."
سەرۆککۆماری ئێران باسی دەرفەتی زۆر گەورەی وەبەرهێنان لەنێوان هەردوو وڵاتدا کردووە و گوتوویەتی: "پێویستە سوودیان لێ ببینرێت."
عەلی زەیدی ئەمڕۆ پێنجشەممە گەیشتە تاران و نووسینگەکەی دەڵێت: سەردانەکە لەسەر بانگهێشتی ئێران بووە. هەر ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی زەیدی و پزیشکیان، چەند رێککەوتننامە و لێکتێگەیشتنێک لەنێوان هەردوو وڵاتدا واژۆ کرا.
سەردانەکە لە کاتێکدایە سەرۆکوەزیرانی عێراق ماوەی کەمتر لە هەفتەیەکە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا گەڕاوەتەوە و لەو سەردانەیدا 48 رێککەوتن و یاداشتنامە لەنێوان هەردوو وڵاتدا واژۆ کران.


