رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەی هێزەکانی پاسەوانی سنووریی ئێران رایگەیاند: لە پێکدادانێکدا لەگەڵ گرووپێکی چەکدار لە سنوورەکانی رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە، دوو چەکدار کوژران.
بەپێی میدیای فەرمیی ئێران، رۆژی پێنجشەممە، 23ـی تەممووزی 2026، عەلی ئەکبەر جاویدان، فەرماندەی هێزەکانی پاسەوانی سنووریی کۆماری ئیسلامیی ئێران رایگەیاند: گرووپێکی چەکدار لە سنووری پارێزگای سیستان و بەلووچستان لە باشووری رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە هێرشی کردووەتە سەر خاڵێکی هێزەکانی پاسەوانیی سنوور و شەڕ و پێکدادان لە نێوانیاندا دروست بووە.
عەلی ئەکبەر جاویدان دەڵێت: "ئەو خاڵەی هێرشی کراوەتە سەر لە ناوچەی جەکیگور سەر بە شاری راسک بووە و لە پێکدادانەکەدا دوو چەکدار کوژراون."
جاویدان دەشڵێت: لە پێکدادانەکەدا بڕێک چەک و تەقەمەنی، لەوانەش دوو چەکی جۆری ئێم-4 و بۆمبی ئامادەکراو بۆ تەقاندن دەستی بەسەردا گیراوە.
بە گوتەی فەرماندەی هێزەکانی پاسەوانی سنووریی ئێران، چەکدارەکان ویستوویانە بپەڕنەوە بۆ نێو خاکی ئێران و دواتر لە پارێزگا ناوەندییەکانی ئێراندا هێرشی چەکداری و "کردەوەی تێکدەرانە" بکەن.
تاوەکو ئێستا هیچ گرووپێک بەرپرسیارییەتیی ئەم هێرشەی لە ئەستۆ نەگرتووە.


