رووداو دیجیتاڵ
سوپای ئێران دەڵێ، لە وەڵامی بۆردوومانەکانی سەر وڵاتەکەیان، هێرشیان کردووەتە سەر سێ بنکەی سەربازیی ئەمریکا لە کوێت و زیانی زۆریان پێگەیاندوون.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 23-07-2026، پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای ئێران (ئەرتەش) راگەیێندراوێکی بڵاو کردەوە کە تێیدا هاتووە، لە وەڵامی هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر ناوچە جیاجیاکانی وڵاتەکەیان، لە قۆناخی 23ـی ئۆپەراسیۆنی ''هەورە برووسکە''ـدا سێ بنکەی سەربازیی عەلی سالم، عەریفجان و دەوحەیان لە کوێت کردووەتە ئامانج.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، هێرشەکەی سوپای ئێران بە درۆن کراوە و کۆگەکانی تەقەمەنی و کەرەستەی لۆجستیی ئەمریکا لە بنکە سەربازییەکانی دەوحە و عەلی سالم، هەروەها کۆگەکانی سووتەمەنی لە بنکەی عەریفجان ''سەرکەوتووانە'' کراونەتە ئامانج و زیانی زۆریان پێگەیاندوون.
راگەیێندراوەکەی سوپای پاسداران لەکاتێکدایە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، بۆ 12ـەمین شەوی لەسەریەک هێرشیان کردووەتە سەر ئێران و شەپۆڵیکی دیکەی هێرشەکانیان بە سەرکەوتوویی تەواو کردووە.
هاوکات سوپای پاسداران هێرشی کردووەتە سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە کوێت و دەڵێت، ژمارەیەک سەرباز کوژراون و بریندار بوون.
سوپای کوێتیش لە راگەیێندراوێکدا پشتڕاستی کردەوە کە چەندین درۆن لە ئێرانەوە ئاراستەی وڵاتەکە کراون و سیستمی بەرگریی ئاسمانی بۆ تێکشکاندنیان کارا کراوە.



