رووداو دیجیتاڵ
سوپای پاسدارانی ئێران دەڵێت، لە باشووری تەنگەی هورمز کەشتییەک بەر مین کەوتووە و تەقیوەتەوە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، دوای تەقینەوەی مینەکە دوو کەشتیی دیکەش رێڕەوی خۆیان گۆڕیوە و پاشەکشەیان کردووە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ 23-07-2026، پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە، لە سێ کەشتیی نەوتهەڵگر کە ویستوویانە بە رێڕەوی مینڕێژکراوی باشووری تەنگەی هورمزدا تێپەڕن، یەکێکیان تووشی تەقینەوە و ئاگرکەوتنەوە بووە.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی سوپای پاسداران، دوای تەقینەوەی ئەو کەشتییە و سووتانی، دوو کەشتییەکەی دیکەش رێڕەوی خۆیان گۆڕیوە و بە خێرایی پاشەکشەیان کردووە.
سوپای پاسداران هۆشداری دەدات، ''تەنگەی هورمز لەژێر دەسەڵاتی هێزی دەریایی ئێمەدایە و تاوەکو بەردەوامیی خراپەکارییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە، بە تەواوی دادەخرێت و هیچ کەشتییەکی نەوتهەڵگر پێیدا تێپەڕ نابێت.
لە راگەیێندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، پێویستە کەشتییەکان بۆ تێپەڕین بە تەنگەی هورمزدا، لەگەڵ ئێران هاوئاهەنگی بکەن، ''ئەگەر نا تووشی هەمان چارەنووس دەبن کە ئەو کەشتییانە تووش بوون.''
تەنگەی هورمز کە یەکێکە لە گرنگترین رێڕەوە ئاوییەکانی جیهان بۆ گواستنەوەی وزە، بووەتە خاڵی سەرەکیی رووبەڕووبوونەوەی نێوان هەردوولا. بەگوێرەی رێکخراوی گواستنەوەی دەریایی نێودەوڵەتی، نزیکەی 20٪ـی نەوتی هەناردەکراوی جیهان بەو تەنگەیەدا دەڕوات.
ئێران دەڵێت، بەڕێوەبردنی تەنگەی هورمز ناگەڕێتەوە دۆخی پێش جەنگ و هەوڵی چەسپاندنی دەسەڵاتی خۆی لە رێڕەوە ئاوییەکەدا دەدات.
لە بەرامبەردا ئەمریکاش بە گوشارخستنە سەر تاران و هێرشکردنە سەر توانا سەربازییەکانی، پلانی کردنەوەی تەنگەی هورمزی هەیە، بەڵام تاوەکو ئێستا وەک چەقی ململانێکان ماوەتەوە.



