رووداو دیجیتاڵ
میدیاکانی ئێران و ژمارەیەک لە بەرپرسانی حکومی هێرشەکانی ئەمریکا یان بیستنی دەنگی تەقینەوەی بەهێزیان لە لانیکەم 10 شار پشتڕاست کردووەتەوە. جێگری پارێزگاری خوزستان دەڵێت، دوو کەس لە شەلەمچە کوژراون و 11ـی دیکەش بریندارن.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ 23-07-2026 ئەمریکا لە هێرشێکی چڕی کردە سەر ناوچە جیاجیاکانی ئێران و دەنگی تەقینەوەی بەهێز لە زیاتر لە 10 شار بیستراوە. وەلیوڵڵا حەیاتی، جێگری پارێزگاری خوزستان بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند، لە 24 کاژێری رابردوودا چەندین ناوچەی پارێزگاکە لەلایەن ئەمریکاوە بۆردوومان کراوە.
وەلیوڵڵا حەیاتی، بەبێ ئاماژەدان بە وردەکارییەکان گوتی، لە هێرشێکدا بۆ سەر ناوچەی سنووریی شەلەمچەی پارێزگاکە، لانیکەم دوو کەس کوژراون و 11 کەسیش بریندار بوون.
بەگوتەی جێگری پارێزگاری خوزستان، ئەمریکا هێرشێکی مووشەکیشی کردووەتە سەر چەند خاڵێک لە شاری ئەندیمێشک، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ زانیارییەک سەبارەت بە قەبارەی زیانەکان بڵاونەکراوەتەوە.
وەک وەلیوڵڵا حەیاتی دەڵێت، بە مووشەک هێرش کراوەتە سەر چەند ناوچەیەکیش لە شارەکانی ئەهواز و رامشیر.
دانیشتووانی ماهشەهری پارێزگای خوزستانیش لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بڵاویان کردووەتەوە کە دەنگی چەند تەقینەوەیەکی بەهێزیان لە سنووری شارەکە بیستووە، بەڵام تاوەکو ئێستا لایەنی حکومی لەوبارەوە هیچ وردەکارییەکی نەخستووەتەڕوو.
هاوکات محەممەد زەفەری، قایمقامی ناوەندی پارێزگای بووشێهری باشووری ئێران بەبێ ئاماژەدان بە وردەکارییەکان رایگەیاند، ئەمریکا بە یەک مووشەک، ناوچەیەکی لە سنووری شارەکە کردووەتە ئامانج.
بووشێهر یەکێک لەو ناوچە باشوورییانەی ئێران بووە کە لە 12 شەوی رابردوودا بەردەوام هێرشی کراوەتە سەر، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ زانیارییەک سەبارەت بە قەبارەی زیانەکانی هێرشەکەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ بڵاونەکراوەتەوە.
هەروەها میدیای فەرمیی ئێران پشتڕاستی کردووەتەوە لە شاری سیریک سەر بە پارێزگای هورمزگانی ئێران دەنگی چەند تەقینەوەی بەهێز بیستراوە و سیستمی بەرگریی ئاسمانی کارا کراوە.
بەندەر جاسکی سەر بە پارێزگای هورمزگانیش کە پێشتر چەندین جار هێرشی کراوەتە سەر، یەکێک لەو شارانەیە دەنگی تەقینەوەی بەهێزی تێدا بیستراوە.
میدیای ئێران باس لە بیستنی دەنگی چەند تەقینەوەیەکی بەهێز لە شاری ئیسلامئابادی غەربی پارێزگای کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستانیش دەکات، بەڵام تاوەکو ئێستا بەرپرسانی حکومەت هیچ زانیارییەکیان لەوبارەوە بڵاونەکردووەتەوە.
ئەو هێرشانە لەکاتێکدان سوپای کوێتیش رایگەیاندووە، بەدوای هێرشێکی ئێراندا سیستمی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکە کارا کراوە و رووبەڕووی درۆنە هێرشبەرەکانی ئێران بووەتەوە.
12 شەوی لەسەر یەکە ئەمریکا بۆردوومانی ناوچە جیاجیاکانی ئێران دەکات، بەگوتەی خۆیان، مەبەستیانە توانای سەربازیی ئێران لە تەنگەی هورمز تێکبشکێنن و رێڕەوێکی ئازاد بۆ هاتووچۆی کەشتییە بازرگانییەکان بکەنەوە.
لە بەرامبەردا ئێرانیش بە پاساوی زیانگەیاندن بە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا، بەردەوامە لە هێرشکردنە سەر وڵاتانی ناوچەکە.


.jpg&w=3840&q=75)
