رووداو دیجیتاڵ
رۆژی پێنجشەممە، میدیای فەرمیی سعودیە لە زاری سەرچاوەیەکەوە پشتڕاستی کردەوە کە کەشتییەکی سەر بە کۆمپانیایەکی وڵاتەکەیان لە کاتی تێپەڕبوونی بە دەریای سووردا کراوەتە ئامانج. ئەمەش دوای ئەوە دێت کە حووسییەکانی یەمەن رایانگەیاند، هێرشیان کردووەتە سەر چەند کەشتییەکی نەوتهەڵگر لەو رێڕەوە ئاوییەدا.
ئاژانسی هەواڵی فەرمیی سعودیە (واس) لە زاری سەرچاوەکەوە بڵاویکردووەتەوە: "کەشتیی ئەنسێلیا کە خاوەندارێتییەکەی دەگەڕێتەوە بۆ کۆمپانیایەکی سعودی، لە کاتی گەشتکردنیدا لە دەریای سوور کراوەتە ئامانج و بەهۆیەوە ئاگر لە بەشی پێشەوەی کەشتییەکە کەوتووەتەوە."
سەرەڕای رووداوەکە و کەوتنەوەی ئاگرەکە، سەرچاوە فەرمییەکەی سعودیە جەختی لەوە کردووەتەوە کە "سەرجەم ئەندامانی تیمی کەشتییەکە سەلامەتن."
حووسییەکان پێشتر هەڕەشەیان کردبوو کە رێگە نادەن کەشتییەکان بچنە بەندەرەکانی سعودیە لە دەریای سوور.
رۆژی پێنجشەممە رایانگەیاند کە بە مووشەک و درۆن لێدانیان لە دوو کەشتیی نەوتهەڵگری سعودیە بە ناوەکانی ئەنسێلیا و لەیلا داوە. سعودیە تەنیا ئەوەی پشتڕاست کردووەتەوە کە کەشتیی ئەنسێلیا کراوەتە ئامانج.
ئەم هەڕەشەیەی حووسییەکان بۆ سعودیە مەترسیدارە، چونکە شانشینەکە بۆ ئەوەی خۆی لە کاریگەرییەکانی داخستنی تەنگەی هورمز بپارێزێت، نەوتەکەی لە رێگەی دەریای سوورەوە هەناردە دەکرد، بەڵام ئێستا ئەو رێگەیەش کەوتووەتە مەترسییەوە.
گرژییەکان زیاتر بوون
لە تەنگەی هورمز سوپای پاسدارانی ئێران رێگری لە سێ کەشتیی نەوتهەڵگر کرد و رایگەیاند کە تەنگەکە لەژێر کۆنترۆڵی ئەواندایە و هەر کەشتییەک بێ مۆڵەتی ئەوان تێپەڕێت، رووبەڕووی هەمان چارەنووس دەبێتەوە.
دۆناڵد ترەمپ هۆشدارییەکی تووندی دا و گوتی، ئەگەر ئێران یەک فیشەکیش بە کەشتییەکەوە بنێت، ئەوا ئەمریکا "پردێک یان وێستگەیەکی کارەبا" لە ئێران بەتەواوی وێران دەکات و گوتیشی ئەگەر حووسییەکانیش هێرش بکەن "چارەیان دەکەین."
"ئەگەر ئێران یەک فیشەکیش بە کەشتییەکەوە بنێت، وێستگەیەکی کارەبایان بەتەواوی وێران دەکەین!"
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران خێرا وەڵامی دایەوە و گوتی سیاسەتی ئێمە روونە: "چاو بە چاو." واتە ئەگەر ئەمریکا لە ژێرخانەکانیان بدات، ئەوانیش هەمان شت دەکەنەوە.
عێراقچی: "سیاسەتی ئێمە روونە؛ چاو بە چاو"
هێرشەکانی هەردوولا بەردەوامن
سوپای ئەمریکا بۆ 12ـەمین شەوی لەسەریەک هێرشی کردە سەر ئێران. میدیاکانی ئێران دەڵێن دوو مووشەک بەر شاری بوشێهر کەوتوون کە تاکە وێستگەی ئەتۆمیی سڤیلی لێیە. هەروەها لە سنووری عێراقیش لە ناوچەی شەلەمچە، بەهۆی هێرشی ئەمریکاوە دوو کەس کوژراون.
ئێران هێرش دەکاتە سەر هاوپەیمانەکانی ئەمریکا. کوێت رایگەیاند کە رێگرییان لە چەند درۆنێک کردووە، ئوردن چوار مووشەک و چوار درۆنی خستووەتە خوارەوە و لە بەحرێنیش زەنگی ئاگادارکردنەوە لێدراوە و دەنگی تەقینەوە بیستراوە.
تێچووی جەنگەکە لەسەر ئەمریکا
وەزیری بەرگریی ئەمریکا دەڵێت، تێچووی شەڕەکە گەیشتووەتە 37.5 ملیار دۆلار. ترەمپ دەڵێت، راستە خەڵکی ئەمریکا حەزیان لە گرانیی بەنزین نییە، بەڵام دژی شەڕەکەش نین.
تەرمی چوار سەربازی ئەمریکی گەڕێندرانەوە وڵاتەکەیان کە سێیان لە هێرشەکەی ئوردن کوژرابوون و یەکێکی دیکەشیان لە هەولێر لە کاتی پووچەڵکردنەوەی درۆنێکی ئێرانیدا پێیدا تەقییەوە و مرد.
بەهۆی ئەم ئاڵۆزییانەوە، نرخی نەوت لە جیهاندا بەرزبووەتەوە و هەر بەرمیلێک نەوتی برێنت 95 دۆلاری تێپەڕاندووە.



