رووداو دیجیتاڵ
دەستەی گشتیی فڕۆکەوانیی مەدەنیی سعودیە لە راگەیێندراوێکی نوێدا رایگەیاند، لە ئەنجامی ئەو هێرشەی رۆژی شەممە، 10ی تشرینی یەکەمی 2026، کرایە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی شا خالید لە شاری ریاز، 12 کەس کوژراون و 309 کەسی دیکەش بریندار بوون.
بەپێی راگەیێندراوەکەی دەستەی گشتیی فڕۆکەوانیی مەدەنیی سعودیە کە رۆژی یەکشەممە، 11ی تشرینی یەکەمی 2026 بڵاوکراوەتەوە، لەنێو ئەو 12 کەسەی کوژراون، چواریان هاووڵاتیی سعودیەن. قوربانییەکانی دیکەش خەڵکی چەند وڵاتێکی جیاوازن کە پێکهاتوون لە: دوو بەنگلادیشی، یەک ئەمریکی، یەک میسری، یەک ئوردنی، یەک سووریایی، یەک فەلەستینی و یەک هاووڵاتیی سوودانی.
دەستەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، لەنێو 309 بریندارەکەدا باری تەندروستیی هەندێکیان ناجێگیر و مەترسیدارە، هاوکات سەرجەم بریندارەکان لە چەند نەخۆشخانەیەکی جیاوازدا چارەسەری پزیشکیی پێویست وەردەگرن.
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە کە هێرشەکە زیانی مادیی بەرچاوی بە فڕۆکەخانەکە گەیاندووە و لە ئێستادا لایەنە پەیوەندیدارەکان سەرقاڵی هەڵسەنگاندنی قەبارەی ئەو زیانانەن.
دوێنێ، سەرچاوەیەکی دیپلۆماسی بە ئاژانسی هەواڵی (فرانس پرێس)ی راگەیاند، نزیکەی کاژێر 3ی پاشنیوەڕۆ بە کاتی ریاز، مووشەکێکی حووسییەکان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی شا خالیدی داوە و گوتی: "حووسییەکان هێرش دەکەنە سەر ئامانجە مەدەنییەکان و فڕۆکەخانەی ریازیش ئامانجێکی تەواو مەدەنییە."
لە کاردانەوەی ئەم هێرشە نوێیەدا، باڵیۆزخانەکانی ئەمریکا، کەنەدا، ئەڵمانیا و ئیسپانیا لە سعودیە هۆشدارییان دایە هاووڵاتییانیان بە هیچ شێوەیەک بەرەو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی شا خالید نەڕۆن.
باڵیۆزخانەی ئیسپانیا لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس هۆشداریی لە "هێرشێکی نوێ" بۆ سەر فڕۆکەخانەکە دا؛ لە کاتێکدا شایەتحاڵەکان بە ئاژانسی فرانس پرێسیان راگەیاندووە لە دوای هێرشە مووشەکییەکە، دەسەڵاتداران فەرمانی چۆڵکردنی دەستبەجێی گەشتیارانیان لەنێو هۆڵەکانی فڕۆکەخانەکەدا دەرکردووە.
دووەم هێرشی مووشەکی لە ماوەی 48 کاژێردا
ئەمە دووەم هێرشی مووشەکیی حووسییەکانە لە ماوەی تەنیا دوو رۆژدا بۆ سەر فڕۆکەخانەی سەرەکیی پایتەختی سعودیە.
رۆژی پێنجشەممەی رابردووش حووسییەکان هێرشێکی هاوشێوەیان بە مووشەکی بالیستی کردە سەر هەمان فڕۆکەخانە، بەپێی راگەیێندراوی فەرمیی دەستەی فڕۆکەوانیی مەدەنیی سعودیە، بەهۆی کەوتنەخوارەوەی پاشماوەی مووشەکەکان سێ هاووڵاتی گیانیان لەدەستدا و فڕۆکەیەکی هێڵی ئاسمانیی سعودیەش زیانی پێگەیشت، ئەمەش ببووە هۆی پەککەوتنی سەدان گەشتی ئاسمانی.
لە چوارچێوەی لێکەوتەی هێرشەکاندا، هێڵی ئاسمانیی کوێت هەڵوەشاندنەوەی دوو گەشتی نێوان کوێت و ریازی پایتەختی بەهۆی "داخرانی فڕۆکەخانە و دۆخی ئەمنی".
دووبارەبوونەوەی بۆردومانکردنی فڕۆکەخانەی ریاز تەنیا یەک رۆژ دوای ئەوە دێت کە بەرپرسانی باڵای سعودیە بە فەرمی رەتیانکردەوە هیچ ئاگربەستێک لەگەڵ چەکدارانی حووسییەکان بکەن تا ئەو کاتەی هێزەکانی سەر بە حکومەتی یەمەن تەواوی ناوچە لەدەستچووەکانی خۆیان کۆنترۆڵ نەکەنەوە.
هەڵکشانی هێرشەکانی حووسییەکان بۆ سەر ریاز و کێڵگە نەوتییەکان هاوکاتە لەگەڵ چڕبوونەوەی شەڕی زەوینی لە دەوروبەری شاری تەعز و تەنگەی بابولمەندەب لە یەمەن؛ ئەمەش نیشانەی ئەوەیە جەنگی نێوان سعودیە و حووسییەکان چووەتە قۆناخێکی زۆر توندوتیژەوە و هیچ ئاسۆیەکی نزیک بۆ راگرتنی شەڕەکە لە ئارادا نییە.


