رووداو دیجیتاڵ
لانیکەم هەشت کەشتیی گەورەی بازرگانی و نەوتهەڵگر لە ترسی هێرشى حوسییەکان رێڕەوی خۆیان لە دەریای سوور و کەنداوی عەدەن گۆڕیوە و بەرەو دواوە گەڕاونەتەوە.
داتاکانی چاودێریی کەشتیوانی (مارین ترافیک) رۆژی چوارشەممە، 22ی تەممووزی 2026 نیشانیان دا، شەپۆلێکی نوێی گۆڕینی ئاراستەی کەشتییەکان لە ناوچەکەدا دەستیپێکردووە و هەشت کەشتی رێڕەوی خۆیان لە دەریای سوور گۆڕیوە.
حوسییەکانی یەمەن، کە هاوپەیمانی ئێرانن، رۆژی دووشەممە بە فەرمی "ئابڵۆقەی دەریایی"یان دژی سعودیە راگەیاند و هۆشدارییان دا لەوەى هەر کەشتییەک لە بەندەرەکانی ئەو وڵاتە کاڵا بار بکات یان دایبگرێت، دەکرێتە ئامانج.
لە هەمان کاتدا، ژووری نێودەوڵەتیی کەشتیوانی رۆژی چوارشەممە بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند، حووسییەکان ئاگادارکردنەوەی رادیۆییان بۆ کەشتییەکان ناردووە و داواى گۆڕینى رێرەوەکانیان لێکردوون.
بەپێی راپۆرتە هەواڵگرییە دەریاییەکان، سێ کەشتیی نەوتهەڵگری زەبەلاح کە نەوتی خاوی سعودیەیان بۆ بازاڕەکانی چین و هیندستان هەڵگرتبوو، رێڕەوی خۆیان گۆڕیوە. لەنێویاندا کەشتیی (Xin Long Yang) کە لە لایەن کۆمپانیای (COSCO)ی چینییەوە بەڕێوەدەبرێت، لەگەڵ هەردوو کەشتیی (Rodos) و (Amazon)، لەبری ئەوەی بەرەو باشوور و تەنگەی بابولمەندەب بڕۆن، بەشێوەیەکی کتوپڕ بەرەو باکوور و نۆکەندی سوێس گەڕاونەتەوە.
لە هەمان کاتدا، کەشتییەکی گواستنەوەی ئۆتۆمبێل بەناوی (Liu Jiang Kou) کە ئاڵای دوورگەکانی مارشاڵی لەسەرە، دوای ئەوەی جەدەی وەک وێستگەی داهاتووی دیاریکردبوو، لە کەنداوی عەدەن رێڕەوی خۆی گۆڕی و بەرەو دواوە گەڕایەوە. کۆمپانیای (Clarksons) کە بریکاری کەشتییەکانە، رایگەیاند کە هەڕەشەکانی حوسییەکان کاریگەرییان لەسەر جووڵەی نەوتهەڵگرەکان دروستکردووە و زۆربەیان لە کەناراوەکاندا وەستاون و چاوەڕێی رێنمایی نوێن.
هۆشداریی ئەورووپا و بازاڕی وزە
هێزی دەریایی یەکێتیی ئەورووپا لە ناوچەکە (ئەسپیدێس) لە رێنماییەکی بەپەلەدا داوای لە کەشتییە بازرگانییەکان کردووە "شوێنپێی ئەلیکترۆنیی خۆیان کەمبکەنەوە" و سیستەمی ناسینەوەی خۆکار بکوژێننەوە. هێزە ئەورووپییەکە هۆشداریی داوە لەوەى ئەو کەشتییانەی پەیوەندییان بە ئەمریکا، ئیسرائیل یان سعودیەوە هەیە، لەژێر مەترسیی "زۆر بەرز"ی هێرشدان و باشترە تاوەکو کاتێکی نادیار بەو ناوچانەدا تێنەپەڕن.
ئەم پەرەسەندنە نوێیە لە کاتێکدایە، تەنگەی هورمز بەهۆی جەنگی نێوان واشنتن و تارانەوە بە کردەیی پەککەوتووە، بۆیە دەریای سوور و بەندەری (یەنیوع) تاقە رێڕەوی جێگرەوەی سعودیە بوو بۆ گەیاندنی نەوت بە بازاڕەکانی جیهان. پەککەوتنی ئەم رێڕەوەش بازاڕەکانی جیهانی شڵەژاندووە و نرخی نەوتی خاوی برێنتی بۆ 94 دۆلار بەرزکردووەتەوە.
بەرەیەکی نوێی جەنگ
ئەم هەنگاوەی حوسییەکان وەک بەرەیەکی نوێی جەنگی ئێران، دژی ئەمریکا دەبینرێت. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کاردانەوەیەکدا رایگەیاند، واشنتن "چاودێریی دۆخەکە دەکات" و رێگە نادات هێڵە بازرگانییەکان لەژێر گەمارۆدا بمێننەوە. شارەزایان دەڵێن داخرانی بابولمەندەب و گەمارۆدانی سعودیە دەبێتە هۆی زیانێکی گەورە بە زنجیرەی دابینکردنی خۆراک و سووتەمەنی لە جیهاندا.
مێژووی هێرشەکانی حوسییەکان بۆ سەر کەشتییەکان دەگەڕێتەوە بۆ تشرینی دووەمی 2023، کاتێک وەک هاوسۆزییەک بۆ غەززە دەستیان بە هێرشکردن کرد و تاوەکو تشرینی یەکەمی 2025 و راگەیاندنی ئاگربەست بەردەوام بوون. ئێستا لەگەڵ پەرەسەندنى هێرشەکانى ئەمریکا و ئێران، حوسییەکان دووبارە دەریای سووریان کردووەتەوە بە مەیدانی ململانێیەکی سەربازیی.

.png&w=3840&q=75)

