رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەی هێزی ئاسمانیی سوپای پاسدارانی ئێران وەڵامی هەڕەشەکانی دۆناڵد ترەمپ دەداتەوە و رایدەگەیێنێت، لە ئەگەری هەر هێرشێک بۆ سەر ژێرخانی وزەی وڵاتەکەیان، کارەبای ئەو وڵاتانە دەکوژێننەوە کە هاوپەیمانی ئەمریکان و بنکە سەربازییەکانیان تێدایە.
رۆژی چوارشەممە، 22-07-2026، مەجید موسەوی، فەرماندەی هێزی ئاسمانیی سوپای پاسداران رایگەیاند: "ئەگەر هێرش بکرێتە سەر پرد و وێستگەکانی کارەبای ئێمە، کارەبای وڵاتانی هاوپەیمان و خانەخوێی منداڵکوژەکان (ئەمریکا و ئیسرائیل) بە دڵنیاییەوە دەکوژێتەوە."
ئەم هەڕەشەیەی سوپای پاسداران وەک وەڵامێکی راستەوخۆ دێت بۆ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، کە پێشتر هۆشداری دابووە تاران لە وەڵامی هەر هێرشێک بۆ سەر کەشتییەکان لە گەرووی هورمز، ژێرخانی نێوخۆیی ئێران دەکەنە ئامانج.
ترەمپ جەختی کردەوە کە هێرشەکان تەنیا سنووری نین، بەڵکو ئەو پرد و وێستگانەش دەگرێتەوە کە لە ناو جەرگەی شاری تارانی پایتەختدان.
گرژییەکانی نێوان واشنتن و تاران پێیناوەتە قۆناخێکی مەترسیدارەوە؛ ئێستا ململانێکان لە شەڕی کەشتییەکانەوە گواستراونەتەوە بۆ هەڕەشەکردن لە "ژێرخانی ژیانی هاووڵاتییان" وەک کارەبا و رێگاوبانەکان.
ئەمریکا ماوەی 11 شەوە هێرشەکانی بۆ سەر ئامانجەکانی ئێران لە ناوچەکە دەستپێکردووەتەوە، تاران و واشنتنیش لە رێگەی میدیا و سۆشیاڵ میدیاوە پەیامی تووند ئاراستەی یەکدی دەکەن.



