رووداو دیجیتاڵ
لەگەڵ گەرمبوونی بەرەکانی جەنگ لە کەنداو، دوورگەکانی ئێران لەناو تەنگەی هورمز بوونەتە ئامانجی سەرەکیی هێرشەکانی ئەمریکا. ئەم دوورگانە تەنیا بنکەی سەربازی نین، بەڵکو شادەماری ئابووریی ئێران و کلیلی کۆنترۆڵکردنی جیهانیی وزەن.
رۆژی چوارشەممە، 22ـی تەممووزی 2026، مووشەکێکی ئەمریکی دوورگەی لارکی ئێرانی پێکاوە. ئەم هێرشە نوێترین زنجیرەی ململانێی نێوان واشنتن و تارانە لەسەر ئەو رێڕەوە ئاوییەی کە ئێران دوای هەرەسهێنانی رێککەوتنی نێوانیان، دایخستووە.
دوورگەی لارک؛ "نووسینگەی وەرگرتنی باج"
ئەم دوورگە بچووکە لە تەسکترین خاڵی تەنگەی هورمزدایە. لە ساڵی 1987ـەوە وەک بنکەیەکی سەربازی و وێستگەیەکی نەوتی بەکاردێت.
بۆچی گرنگە؟ تاران وەک "ناوەندی وەرگرتنی باج" بەکاری دەهێنێت. ئەو کەشتییانەی دەیانەوێت لە کەنداو دەربچن، دەبوو باجێکی زۆر بدەنە تاران. بەپێی زانیارییەکانی (لۆیدز لیست ئینتێڵێجێنس)، ئەمە یەکێکە لەو هەنگاوانەی واشنتنی زۆر تووڕە کردووە.
دوورگەی خارگ؛ "گەوهەری تاجی" ئابووری
خارگ گرنگترین خاڵی ئابووریی ئێرانە و 30 کیلۆمەتر لە کەناراوەکانەوە دوورە. نزیکەی 90٪ـی هەناردەی نەوتی خاوی ئێران لەم دوورگەیەوە دەکرێت.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دوای هێرشکردنە سەر ئەم دوورگەیە رایگەیاند: "گەوهەری تاجی" ئێرانیان پێکاوە. ترەمپ جەختی کردەوە کە تەنیا ئامانجە سەربازییەکانیان خاپوور کردووە و زیانیان بە ژێرخانی وزە نەگەیاندووە.
شارەزایان دەڵێن: خارگ "کۆڵەکەی ئابووریی ئێرانە" بەڵام لە هەمان کاتدا خاڵێکی یەکجار لاواز و هەستیارە بۆ هێرشەکان.
دوورگەی قیشم؛ گەشتیاری لەژێر سێبەری مووشەکدا
قیشم گەورەترین دوورگەی کەنداوە و درێژییەکەی 100 کیلۆمەترە.
سەرەڕای ئەوەی لە لیستی "یونیسکۆ"دایە و ناوەندێکی گەشتیاریی ناودارە، بەڵام ئێستا بە تووندی پڕچەک کراوە. شارەزایان دەڵێن: قیشم توانای سەربازیی وای تێدایە کە دەتوانێت هەڕەشەی جیددی لە کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکا بکات.
سێ دوورگە کێشە لەسەرەکە؛ "قەڵا بچووکەکان"
دوورگەکانی (تۆمبی بچووک، تۆمبی گەورە و ئەبوو مووسا) کە ئیماراتیش داوایان دەکاتەوە، لەلایەن تارانەوە گۆڕدراون بۆ بنکەی سەربازیی قایم.
پیێر رازۆ، شارەزای ستراتیژی دەڵێت: ئەم دوورگانە وەک "قەڵای بچووک" وان و پڕکراون لە مووشەکی دژەکەشتی.
تاران لە ساڵی 2025ـەوە سیستمی مووشەکیی زۆر پێشکەوتووی لەو دوورگانە جێگیر کردووە کە دەتوانن لە مەودایەکی دوورەوە بنکە و کەشتییەکانی دوژمن بپێکن.
ئێستا ئەم دوورگانە تەنیا پارچە زەویی ناو ئاو نین، بەڵکو بوونەتە سەنگەری پێشەوەی جەنگێک کە چارەنووسی بازاڕی وزە و ئاسایشی جیهانیی پێوە بەستراوەتەوە.


