رووداو دیجیتاڵ
سوپای ئوردن دەڵێ، سیستمی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکەی 4 مووشەکی ئێرانی لە ئاسمانی وڵاتەکە تێکشکاندووە و 2 مووشەکی دیکەش لە ناوچەیەکی چۆڵ کەوتوونەتە خوارەوە. ئەمە لە کاتێکدایە تاران هێرشەکانی بۆ سەروڵاتانی ناوچەکە چڕتر کردوونەتەوە.
رۆژی چوارشەممە، 22-07-2026، سوپای ئوردن لە راگەیێندراوێکدا گوتی، سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانی 6 مووشەکیان دەستنیشان کرد کە لە خاکی ئێرانەوە بەرەو ئاسمانی ئوردن هەڵدرابوون؛ ئاماژەی بەوەشکرد، توانیویانە 4 مووشەکیان تێکبشکێنن، بەڵام 2 مووشەکەکەی دیکە لە ناوچەیەکی چۆڵ و دوورەدەست کەوتوونەتە خوارەوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، ئەم هێرشە مووشەکییە هیچ زیانێکی گیانی و مادیی لێنەکەوتووەتەوە.
ئەم پێشهاتە نوێیە لە کاتێکدایە، ئێران لە چەند رۆژی رابردوودا هێرشەکانی بۆسەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی ناوچەکە زیاد کردووە.
جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران لە 28-02-2026ـەوە دەستیپێکردووە و ناوچەکەی خستووەتە قۆناخێکی هەستیارەوە. ئوردن چەندین جار کەوتووەتە نێو بازنەی جەنگەکە.


