رووداو دیجیتاڵ
هاوپەیمانیی پشتیوانکاری
حکومەتی یەمەن کە سعودیە سەرکردایەتیی دەکات، رۆژی یەکشەممە پشتڕاستی کردەوە کە فڕۆکەخانەی
نێودەوڵەتیی شا خالید لە شاری ریاز رووبەڕووی هێرشێکی نوێ بووەتەوە و بەهۆیەوە
ئاگر کەوتووەتەوە کە دامودەزگاکان سەرقاڵی کۆنترۆڵکردنین.
تورکی مالیکی، گوتەبێژی هاوپەیمانیی سەربازیی پشتیوانکاری حکومەتی یەمەن لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی: "هێرشێک بە کەرەستەیەکی تەقەمەنیی
نەزانراو کراوەتە سەر هۆڵی ژمارە 4ـی گەشتیاران لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی شا
خالید."
مالیکی سەرەتا ئاماژەی بە
کەوتنەوەی ئاگرێک کرد کە تیمەکانی فریاگوزاری سەرقاڵی کوژاندنەوەین، پێش ئەوەی
دواتر رایبگەیێنێت کە "سیستمی بەرگریی ئاسمانی، مووشەکێکی کرووزی لە
دەوروبەری فڕۆکەخانەکە تێکشکاندووە."
ئەمە لە کاتێکدایە کە چەکدارانی حووسیی یەمەن رۆژی یەکشەممە هەڕەشەی نوێیان
لە ئاسمانی سعودیە کرد.
رۆژی شەممەش هێرشێکی گەورە بۆ سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی شا
خالید لە شاری ریازی پایتەخت، بووە هۆی کوژرانی 12 کەس و برینداربوونی سەتان کەسی
دیکە و پەککەوتنی تەواوی کارەکانی فڕۆکەخانەکە.
ئەم هێرشەی رۆژی شەممە، کوشندەترین هێرشە لە نێو خاکی سعودیە
لە ماوەی زیاتر لە دە ساڵی رابردوودا. هەرچەندە حووسییەکان راستەوخۆ
بەرپرسیارێتیی هێرشەکەیان نەگرتە ئەستۆ، بەڵام ئەو هاوپەیمانییەی سعودیە سەرۆکایەتیی
دەکات و سەرچاوە دیپلۆماسییەکانیش پشتڕاستیان کردەوە کە مووشەکێکی حووسییەکان بووە و هاوپەیمانان بە "تاوانی جەنگی تەواوەتی" ناویان برد.
دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی سڤیلی سعودیە ئاشکرای کرد کە کوژراوەکان بریتین
لە: چوار سعودی، دوو بەنگلادشی، ئەمریکییەک، میسرییەک، ئوردنییەک، سووریاییەک،
فەلەستینییەک و سوودانییەک. هەروەها لە کۆی 309 بریندار، دۆخی تەندروستیی
هەندێکیان زۆر سەختە.
هەڕەشە
نوێیەکانی حووسییەکان
یەحیا سەریع، گوتەبێژی سەربازیی حووسییەکان لە تۆڕی
کۆمەڵایەتیی ئێکس هۆشداریی دایە گەشتیاران و نووسی: "فڕۆکەخانەکان و
ئاسمانی سعودیە رووبەڕووی بەئامانجگرتن دەبنەوە و گۆڕەپانی ئۆپەراسیۆنی
هێزەکانمانن." ئەو تەنیا ئاسمانی هەردوو شاری پیرۆزی مەککە و مەدینەی لەم
هەڕەشەیە بەدەر کرد.
ئەم هێرشە سەرکۆنەی نەتەوە یەکگرتووەکان، یەکێتیی ئەورووپا و
زۆر لە وڵاتانی جیهانی لێکەوتەوە، بە ئیسرائیلیشەوە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە
وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی ئایا ئەمریکا بەشداری دەکات لە هێرشەکانی سعودیە
بۆ سەر حووسییەکان، بە رۆژنامەڤانانی گوت: "لەوانەیە؛ ئێمە سەیرێکی دۆخەکە
دەکەین. تازە بەم هێرشەی دواییمان زانیوە، بۆیە بڕیاری خۆمان دەدەین و ئێمە زۆر بە
خێرایی هەنگاو دەنێین."
دۆخی
ناوخۆی سعودیە
کارەکانی فڕۆکەخانەی ریاز تاوەکو شەوی یەکشەممە راگیران بەهۆی
زیانکەوتن بە ئامێرەکانی رادار و پەیوەندیکردن و پێویستیی پشکنینی باندەکانی فڕین.
باڵیۆزخانەکانی ئەمریکا، کەنەدا، ئەڵمانیا و ئیسپانیا
هۆشدارییان دایە هاووڵاتییانیان کە لە فڕۆکەخانەی ریاز دووربکەونەوە. ئەمریکا
هەروەها گەشتکردنی کارمەندەکانی بۆ فڕۆکەخانەکانی دەمام و جەددەش سنووردار کرد.
بەرپرسانی تەندروستی لە ریاز بانگەوازی بەپەلەیان بۆ
کۆکردنەوەی پزیشکان راگەیاند، و قوتابخانەکانیش بۆ دووەم جار لەم مانگەدا کرانە
ئۆنلاین.
ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدان کە سوپای
یەمەن بە پشتیوانیی سعودیە لە شەڕێکی سەختدایە بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی ناوچەکانی
دەوروبەری تەنگەی ستراتیجیی بابولمەندەب کە مانگی رابردوو کەوتبوونە دەست حووسییەکان.


