رووداو دیجیتاڵ
قەرارگای خاتەمولئەنبیای ئێران دەڵێت، ئەمریکا هێرش بکاتە سەر دامەزراوەی ئەتۆمیی وڵاتەکەی، ئەوانیش کاردانەوەی تووندیان دەبێ.
رۆژی سێشەممە، قەرارگای خاتەمولئەنبیا بڵاویکردەوە: "ئەمریکا هەڕەشەی هێرشکردنەسەر دامەزراوەی ئەتۆمی و هەستیارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی کردووە."
قەرارگای خاتەمولئەنبیا دەڵێت: "ئەگەر سوپای دەستدرێژکاری ئەمریکا بچێتە قۆناخێکی لەو شێوەیەوە، ئەوا وەک پەرەپێدانی جەنگ لە ناوچەکەدا هەژماری دەکەین و هەموو بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا، هاوپەیمان و لایەنگرانی ئەو وڵاتە یاخی و شەڕخوازە، دەکرێنە ئامانجی هێرشی بەهێزی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران."
ئەوە لە کاتێکدایە، رۆژی سێشەممە دۆناڵد ترەمپ هۆشداری دایە ئێران کرد و رایگەیاند، دەکرێت "بەم زووانە" هێرش بکەنە سەر ئەو شوێنانەی تاران ئامێر و مادە ئەتۆمییەکانی تێدا شاردووەتەوە.
کاتێک پرسیاری لێکرا ئایا بڕوای وایە ئێران ئامێرەکانی پیتاندنی یۆرانیۆم (سەنتەرفیوژ)ی گواستبێتەوە بۆ شوێنی پارێزراوتر، ترەمپ گوتی: "ئێمە ئاگاداری جووڵەکانین. بە ئەگەرێکی زۆرەوە، زۆر بەزوویی لەو ناوچانە دەدەین."
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد، تاران ناتوانێ رێگری لە هێرشەکانی ئەمریکا بکات و گوتی: "ئێران ناتوانێت هیچ کارێک بەرامبەر ئێمە بکات. بە ئاسایی من شتی وا ناڵێم، بەڵام ئەگەر هەستم بکردایە دەتوانن کارێک بکەن بۆ پاراستنی ئەو شوێنانە، هەرگیز ئەمەم نەدەگوت، بەڵام دووپاتی دەکەمەوە، زۆر بە زوویی لەو ناوچانە دەدەین."
یەکێک لەو شوێنانەی ترەمپ ناوی هێنا بریتی بوو لە چیای قوڵنگ.
چیای قوڵنگ لە نێوەڕاستی ئێران و لەنزیک کۆمەڵگەی ئەتۆمیی نەتەنزە. دامەزراوە هەواڵگرییەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا پێیان وایە، ئەم کێوە دامەزراوەیەکی نهێنی و قووڵی ژێرزەوی تێدایە کە ئێران هەزاران ئامێری پیتاندنی یۆرانیۆم (سەنتەرفیوژ)ـی بۆ گواستووەتەوە، تاوەکو لە بۆردوومانی ئاسمانی بیانپارێزێت.



