رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، بۆ 11ـەمین شەوی لەسەریەک هێرشەکانیان بۆ سەر ئێران "بە سەرکەوتوویی" تەواو کردووە و چەندین ئامانجی سەربازییان پێکاوە، ئەوەش لەپێناو کەمکردنەوەی تواناکانی تاران بۆ هەڕەشەکردن لە تەنگەی هورمز.
سێنتکۆم لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە کاژێر 8:15 خولەکی شەوی 21ـی تەممووز بە کاتی رۆژهەڵاتی ئەمریکا، کە دەکاتە 3:15 خولەکی بەرەبەیانی رۆژی 22ـی تەممووز بە کاتی هەولێر، کۆتاییان بە 11ـەمین شەپۆلی هێرشە یەک لەدوای یەکەکانی شەوانەیان بۆ سەر ئێران هێناوە.
سێنتکۆم ئاماژەی بەوەش کردووە، هێزەکانیان "ناوەندەکانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی، تواناکانی هێزی دەریایی، شوێنی راگرتنی فڕۆکە، کۆگاکانی درۆن و ژێرخانی لۆجستیی سەربازیی ئێران"یان کردووەتە ئامانج.
ئامانج لەم هێرشانەش بە گوتەی سێنتکۆم، کەمکردنەوە و لەنێوبردنی تواناکانی ئێرانە لە هەڕەشەکردن بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە تەنگەی هورمز.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "لە ماوەی سێ مانگی رابردوودا، ئێران هێرشی کردووەتە سەر زیاتر لە 30 کەشتیی بازرگانی کە بەنێو ئەو رێڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتییەدا تێپەڕیون، کە رێڕەوێکی گرنگە بۆ بازرگانیی ناوچەکە و جیهان. ئەو هێرشە بێپاساوانە مەترسییان خستووەتە سەر گیانی سەدان دەریاڤانی بێتاوان و ئازادیی کەشتیوانییان پێشێلکردووە."
لە راگەیێندراوەکەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکادا جەخت لەوە کراوەتەوە کە سەرەڕای هێرشەکانی ئێران، تەنگەی هورمز بەڕووی هاتووچۆی کەشتییە بازرگانییەکاندا بە کراوەیی دەمێنێتەوە. سێنتکۆم دەڵێت: "لە سەرەتای مانگی ئایارەوە، هێزەکانمان ئاسانکارییان بۆ دەربازبوونی نزیکەی 900 کەشتیی بازرگانی و 450 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاو کردووە."



.jpg&w=3840&q=75)