رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای نەوتی سعودیە (ئارامکۆ) پاڵاوگەکانی نەوتی لە ئەورووپا ئاگادار کردووەتەوە کە لە تشرینی دووەمدا ئەو بڕە نەوتە خاوەیان بۆ دابین دەکات کە داوایان کردبوو، ئەمەش دوای ئەوەی هێڵی سەرەکیی بۆریی نەوتی رۆژهەڵات-رۆژئاوای وڵاتەکە دەستی بە کارکردنەوە کردەوە.
ئەم بڕیارەی سعودیە ئاسوودەیی دەبەخشێتە کڕیارە ئەورووپییەکان کە بەهۆی پچڕانی هەناردەکردنەوە لە مانگی رابردوودا، ناچار بوون پەنا بۆ کڕینی نەوت لە سەرچاوەی جێگرەوە ببەن.
بەپێی سەرچاوە ئاگادارەکان بۆ بلوومبێرگ، لانیکەم سێ پاڵاوگەی ئەورووپی پشتڕاستیان کردووەتەوە کە مانگی داهاتوو تەواوی پشکی دیاریکراوی خۆیان لە نەوتی خاوی ئارامکۆ بەدەست دەگات.
ئاسانکاری بۆ بازاڕی ئەورووپا
گەڕاندنەوەی تەواوی ئاستی هەناردەکردن دەبێتەهۆی کەمکردنەوەی گوشارەکان لەسەر بازاڕی نەوت لە ئەورووپا. مانگی رابردوو و بەهۆی بەئامانجگرتنی بۆریی نەوتی رۆژهەڵات-رۆژئاوا، ئارامکۆ بە پاڵاوگە ئەورووپییەکانی راگەیاند کە بۆ مانگی تشرینی یەکەم هیچ بڕە نەوتێکیان بۆ دابین ناکرێ.
ئەو هەنگاوەی مانگی پێشوو پاڵاوگەکانی ئەورووپای خستە دۆخێکی سەختەوە بۆ دەستەبەرکردنی باری جێگرەوە، لەوانەش کۆمپانیای ئۆرلین کە گەورەترین کڕیاری نەوتی سعودیەیە لە کیشوەرەکە، زیاتر لە 10 تەندەری بۆ کڕینی بەرمیلە نەوتی جێگرەوە راگەیاند. بەپێی داتاکانی بەدواداچوونی کەشتییەکان، سعودیە بە شێوەیەکی ئاسایی رۆژانە 700 بۆ 800 هەزار بەرمیل نەوتی خاو هەناردەی ئەورووپا دەکات.
بۆریی رۆژهەڵات-رۆژئاوا؛ شاڕێگەی هەناردەی نەوت
رۆژی هەینی، 2ی تشرینی یەکەمی 2026، ئاژانسی بلومبێرگ لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاویکردەوە، کۆمپانیای وزەی سعودیە (ئارامکۆ) رۆژانە نزیکەی شەش ملیۆن بەرمیل نەوت بە بۆریی رۆژهەڵات-رۆژئاوادا دەگوازێتەوە، کە توانای گشتیی گواستنەوەی حەوت ملیۆن بەرمیلی لە رۆژێکدا هەیە. ئەمەش بەرزبوونەوەیەکی بەرچاو بوو بەراورد بە سەرەتای هەفتەکە، کاتێک بۆرییەکە تەنیا بە نیوەی تواناکەی کاری دەکرد.
دوای دابینکردنی پێداویستییەکانی پاڵاوتنی نێوخۆیی لە کەناراوەکانی دەریای سوور، ئارامکۆ رۆژانە نزیکەی 4.5 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی لە وێستگە و بەندەرەکانی رۆژئاوای وڵاتەکەیەوە بۆ هەناردەکردن بەردەست خستووە، کە ئەوەش بەرزترین ئاست بووە لە رێگەی دەریای سوورەوە لە چەند هەفتەی رابردوودا.
ئەم دەستپێکردنەوە خێرایە ستراتیژیی سعودیە لە مامەڵەکردن لەگەڵ پچڕانی هێڵەکانی دابینکردنی وزە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست پیشان دەدات، بە جۆرێک کە رێگەی پێدەدات رێڕەوە دەریاییە پڕمەترسییەکان تێپەڕێنێت و بە تەواوی پشتیان پێ نەبەستێت.
بۆریی نەوتی رۆژهەڵات-رۆژئاوا وەک شاڕێگەی سەرەکیی جێگرەوە بۆ سعودیە دادەنرێ تاوەکو خۆی لە مەترسییەکانی تەنگەی هورمز بەدوور بگرێ؛ ئەو رێڕەوە ئاوییە هەستیارەی لە کاتی جەنگی ئێراندا رووبەڕووی بەرزترین ئاستی مەترسی بووەتەوە.
بەردەستی ئەم هێڵە وای لە ریاز کرد بتوانێت رۆژانە نزیکەی چوار ملیۆن بەرمیل نەوت لە رێگەی دەریای سوورەوە هەناردە بکات، بەڵام سەلامەتیی ئەم رێڕەوە وشکانییەش دوای هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی مانگی رابردوو بە لەرزۆکی مایەوە.
لە وەڵامی ئەو داخستنە کاتییەدا، سعودیە بۆ جێبەجێکردنی پابەندییە نێودەوڵەتییەکانی بۆ دابینکردنی وزە، بە شێوەیەکی کاتی بڕێکی زۆر لە نەوتەکەی ئاراستەی تەنگەی هورمز کردەوە. بەڵام ئێستا بە چالاککردنەوەی بارکردنی نەوت لە بەندەری یەنبوع لەسەر دەریای سوور هاوتەریب لەگەڵ بەردەوامیی هەناردەکردن لە رێگەی کەنداوەوە، مەزەندە دەکرێ کۆی گشتیی هەناردەی نەوتی خاوی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە خێرایی لە ئاستی پێش دەستپێکردنی جەنگ نزیک ببێتەوە.
رۆژی هەینی، 11ی ئەیلوولی 2026، میدیای فەرمیی سعودیە بڵاویکردەوە: "وەک هەنگاوێکی پێشوەختە و رێکارێکی سەلامەتی، بۆریی نەوتی رۆژهەڵات بۆ رۆژئاوامان داخست." ئاماژەی بەوەش کرد کە بڕیارەکە دوای ئەوە هات کە رۆژی پێنجشەممە هێرش کرایە سەر بۆرییەکە لە ناوچەکانی ریاز و مەدینە.
بۆریی رۆژهەڵات بۆ رۆژئاوای سعودیە نەوت لە ناوچەکانی رۆژهەڵاتەوە دەگوازێتەوە بۆ بەندەرەکانی رۆژئاوای وڵاتەکە لەسەر دەریای سوور. بۆرییەکە لە ساڵی 1980ەوە دەست بە دروستکردنی کرا و لە ساڵی 1981 تەواو بوو. سعودیە دەتوانێت رۆژانە حەوت ملیۆن بەرمیل نەوت بەو بۆرییەدا بگوازێتەوە و وەک هەنگاوێکی ستراتیژیی ئەو وڵاتە دادەنرێت بۆ هەناردەکردنی نەوت بەبێ تێپەڕین بە تەنگەی هورمزدا.

