رووداو دیجیتاڵ وەزارەتی بەرگریی کوێت دەڵێت: سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکەی خەریکی وەڵامدانەوەی زنجیرەیەک هێرشی مووشەکی و درۆنی "دوژمنکارانەن" لەلایەن ئێرانەوە. لە بەحرێنیش زەنگی ئاگادارکردنەوە لێدرا. ئێوارەی رۆژی سێشەممە، 21-07-2026، سەرۆکایەتیی ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکانی کوێت لە راگەیێندراوێکدا گوتی: سیستمی بەرگریی ئاسمانییان لە ئامادەیی تەواودایە و بەرپەرچی ئەو هەڕەشانە دەداتەوە کە وڵاتەکە دەکەنە ئامانج. لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "هەر دەنگی تەقینەوەیەک ببیسترێت، ئەوە تێکشکاندنی تەنە دوژمنکارەکانە لەلایەن سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانییەوە." وەزارەتی بەرگریی کوێت داوای لە دانیشتووانی وڵاتەکە کرد، کە "بەتەواوی پابەندی رێنماییە ئەمنی و سەلامەتییەکان بن کە لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە بڵاودەکرێنەوە، تاوەکو پارێزراو بن." هاوکات وەزارەتی ناوخۆی بەحرێن رایگەیاند: زەنگی ئاگادارکردنەوە لە سەرانسەری وڵاتدا لێدراوە، ئەوەش وەک ئامادەکارییەک بۆ هەر هێرشێکی چاوەڕوانکراو و پاراستنی سەلامەتیی هاووڵاتییان. ئەم هێرشانە لە کاتێکدان، لە 10 رۆژی رابردوودا جەنگی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران چووەتە قۆناخێکی نوێوە. بەیانی ئەمڕۆ، سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند: هێرشی کردووەتە سەر چەندین ئامانجی سەربازیی ئەمریکا، لەنێویاندا سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانی لە بەحرێن و کوێت. ئەمەش هاوکات بوو لەگەڵ هێرشی نوێی ئەمریکا بۆ سەر پێگە سەربازییەکانی نێو ئێران.
رۆژهەڵاتی نێوەڕاست21-07-2026نوێترین پێشهاتەکان: ئێران هێرشی تووندتر دەکات و حووسییەکان هەڕەشەی گەمارۆی دەریایی لە سعودیە دەکەن