رووداو دیجیتاڵ
رۆژی سێشەممە، ئێران هێرشی کردە سەر دامەزراوەکانی رادار و بەرگریی ئاسمانیی ئەمریکا لە وڵاتانی کەنداو، و هۆشداریشی دا کە هێرشی "یەکلاکەرەوە و بەهێزتر" بەڕێوەیە. هاوکات لەگەڵ ئەمەشدا، حووسییەکانی یەمەن گەمارۆی دەریاییان خستە سەر بەندەرەکانی سعودیە، کە ئەمەش مەترسیی فراوانبوونی شەڕەکەی زیاتر کردووە.
لێرەدا نوێترین پێشهاتەکانی رۆژی سێشەممە دەخەینەڕوو:
ئوردن پێنج درۆنی ئێرانی خستە خوارەوە
سوپای ئوردن رایگەیاند، 5 درۆنی ئێرانییان تێکشکاندووە. سوپای پاسدارانی ئێران هێرشەکەی پشتڕاست کردەوە و گوتی، ئامانجیان "کۆمەڵگەیەکی نیشتەجێبوونی هێزە تیرۆریستەکانی ئەمریکا" بووە لە ناوچەی روکبان لە ئوردن.
ئەمریکا هۆشداریی جیهانی دەدات
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاگادارییەکی جیهانیی بڵاوکردەوە و داوای لە هاووڵاتییانی کرد بەهۆی شەڕی ئێرانەوە لە سەرانسەری جیهان "زۆر وریابن." هەروەها داوای لێکردن گەشت بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست نەکەن و هۆشداریشیدا کە رەنگە هێرش بکرێتە سەر باڵیۆزخانە و دامەزراوەکانی ئەمریکا لە جیهان.
ئێران هێرشی کردە سەر بەحرێن و کوێت
سوپای پاسداران دەڵێت هێرشیان کردووەتە سەر دوو سیستەمی بەرگریی ئاسمانی و رادارێک لە دوو بنکەی ئەمریکا لە بەحرێن، هەروەها چەندین سیستەمی بەرگری، رادار و سەتەلایتیان لە کوێتیش کردووەتە ئامانج. پێشتریش سوپای ئێران (ئەرتەش) رایگەیاندبوو کە لە بنکەی عاریفجان لە کوێت هێرشیان کردووەتە سەر سیستەمی مووشەکیی هیمارس-HIMARSی ئەمریکا.
ئێران دوو کەشتی لە هورمز راگرت
ئاژانسی هەواڵی فەرمیی ئێران (ئیرنا) لە زاری سوپای پاسدارانەوە بڵاویکردەوە، رۆژی سێشەممە دوو کەشتیی نەوتهەڵگریان لە تەنگەی هورمز راگرتووە کە "سەرپێچییان لە رێنماییەکان کردبوو" و رایگەیاندووە کە بەهۆی "تەقینەوەوە ئاگرێکی گەورە لەنێو کەشتییەکاندا کەوتووەتەوە."
بۆردوومانەکانی ئەمریکا
رۆژی دووشەممە سوپای ئەمریکا (سێنتکۆم) لە ئێکس رایگەیاند کە شەپۆلێکی نوێی هێرشی ئاسمانییان دژی ناوەندەکانی فەرماندەیی، توانا دەریاییەکان و سەکۆکانی درۆن و مووشەکی ئێران تەواو کردووە، بۆ ئەوەی رێگری بکەن لە هێرشەکانی ئێران بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە تەنگەی هورمز.
هێرش بۆ سەر کەشتییەکی نەوتهەڵگر
ئاژانسی دەریایی بەریتانیا رایگەیاند، راپۆرتیان پێگەیشتووە کەشتییەکی نەوتهەڵگر بە "تەنێکی نەناسراو" لە تەنگەی هورمز لە دووریی 15 کیلۆمەتر لە کەناراوەکانی عومان پێکراوە.
گەمارۆی حووسییەکان بۆ سەر سعودیە
دوای ئەوەی هەفتەی رابردوو بۆ یەکەمین جار لە ماوەی چەند ساڵێکدا پێکدادان لەنێوانیاندا روویدا، حووسییەکانی یەمەن رایانگەیاند، گەمارۆی دەریایی دەخەنە سەر سعودیە. ئەم گەمارۆیە ئەگەر جێبەجێ بکرێت، زەبرێکی زۆر قورس لە ئابووریی سعودیە دەدات، چونکە بەندەرەکانی دەریای سوور دادەخات، کە سعودیە وەک جێگرەوەی تەنگەی هورمز بۆ هەناردەکردنی نەوت بەکاریان دەهێنێت.
نەتەوە یەکگرتووەکان وەڵام دەداتەوە
ستیفان دوجاریک، گوتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری دا کە ئەم هەڕەشەیەی حووسییەکان دژی سعودیە، مەترسیی فراوانبوونی زیاتری شەڕ لە ناوچەکە دروست دەکات.
لەلای خۆشییەوە وەزارەتی دەرەوەی سعودیە سەرکۆنەی ئەو هەڕەشەیەی کرد و جەختی کردەوە کە بەردەوام دەبن لە "پاڵپشتیکردنی گەلی یەمەن و حکومەتە شەرعییەکەیان."
.jpg&w=3840&q=75)


