رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا راگەیێندراوێکی بە ناونیشانی "هۆشداریی جیهانی" بڵاوکردەوە و تێیدا داوا لە هاووڵاتییانی دەکات وریا بن، بەهۆی ئەوەی گرژییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست مەترسییان بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە سەرانسەری جیهان دروستکردووە.
لە راگەیێندراوەکەدا کە بۆ تەواوی هاووڵاتییانی ئەمریکی لە دەرەوەی وڵات دەرکراوە، هاتووە: "بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی گرژییەکان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ژینگەی ئەمنی بە ئاڵۆزی دەمێنێتەوە و ئەگەری هەیە ململانێکان بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو پەرەبستێنن."
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا داوا لەو ئەمریکییانە دەکات کە ئێستا لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستن، زۆر وریابن و چاوکراوەتر بن.
هەروەها هۆشداریشیان پێدەدات کە "خۆیان ئامادە بکەن بۆ ئەگەری هەڵوەشاندنەوەی گەشتە ئاسمانییەکان، داخرانی ناوبەناوی ئاسمانی وڵاتان و تێکچوونی بەرنامەی گەشتەکانیان."
سەبارەت بەو ئەمریکییانەشی کە لە دەرەوەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستن، واشنتن داوایان لێدەکات پێداچوونەوە بکەن یان پاشگەز ببنەوە لە هەر بڕیارێکی گەشتکردن بۆ نێو ئەو ناوچەیە یان تێپەڕبوون بەنێویدا.
لە بەشێکی دیکەی هۆشدارییەکەدا، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بەڕوونی ئاماژە بە مەترسییەکانی ئێران دەکات و رایدەگەیێنێت: "دامەزراوە دیپلۆماسییەکانی ئەمریکا، تەنانەت لە دەرەوەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستیش، کراونەتە ئامانج. لەوانەیە ئێران و ئەو گرووپانەی پاڵپشتیی ئێران دەکەن، هێرش بکەنە سەر بەرژەوەندییەکانی دیکەی ئەمریکا لە دەرەوەی وڵات، یان ئەو شوێنانە بکەنە ئامانج کە پەیوەندییان بە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئەمریکییەکانەوە هەیە لە سەرانسەری جیهان."
وەزارەتەکە داوا لە هاووڵاتییانی دەکات کە بەردەوام چاودێریی ئاگانامە ئەمنییەکانی باڵیۆزخانە و کونسوڵخانەکان و دامودەزگای ناوخۆیی بکەن و خۆیان لە سیستەمی زیرەکیی تۆمارکردنی گەشتیاران (STEP) تۆمار بکەن بۆ ئەوەی خێراترین زانیاریی ئەمنییان پێبگات.

.jpg&w=3840&q=75)

