رووداو دیجیتاڵ
سوپای ئێران [ئەرتەش] رایگەیاند، لە وەڵامی هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر وڵاتەکەیان، بە مووشەکی زەوی بۆ زەوی بنکەی (عەریفجان)ـی ئەمریکایان لە کوێت کردووەتە ئامانج و سیستمی مووشەکیی هیمارسیان پێکاوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای ئێران، هێرشەکە چەند کاژێرێک پێش ئێستا لە چوارچێوەی قۆناخی 18ـیەمینی ئۆپەراسیۆنی (ساعیقە) کراوە و تێیدا سیستمی مووشەکیی هیمارسی سوپای ئەمریکا کراوەتە ئامانج.
سوپای ئێران ئاماژەی بەوەش کردووە، سیستمی هیمارس سیستمێکی مووشەکیی جووڵاوە کە بۆ لێدانی ئامانجە زەوینییەکان بە خێرایی بەکاردەهێنرێت، بۆیە بەئامانجگرتنی ئەو سیستمە "زیان بە توانا هێرشبەری و بەرگرییەکانی دووژمن دەگەیەنێت و هێزی مووشەکیی ئەمریکا لە تاوانە دەستدرێژییەکانیدا کەمدەکاتەوە."
ئەم هێرشەی ئێران بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا لە کوێت لە کاتێکدایە، گرژییەکانی نێوان واشنتن و تاران پێیان ناوەتە قۆناخێکی زۆر مەترسیدارەوە و مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران رایگەیاندووە، وڵاتەکەی لەگەڵ ئەمریکا لە "جەنگێکی گشتگیر"ـدایە.
بەگوێرەی دوایین ئامارەکان کە لەلایەن پێنتاگۆنەوە پشتڕاستکراونەتەوە، لەم مانگەدا نزیکەی 100 سەربازی ئەمریکی بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانی ئێرانەوە بۆ سەر بنکەکانیان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بریندار بوون. هەروەها لە سەرەتای جەنگەکەوە لە مانگی شوباتەوە، 17 سەربازی ئەمریکی کوژراون، کە یەکێکیان لەم دواییەدا لە کاتی پووچەڵکردنەوەی درۆنێکی بۆمبڕێژکراوی ئێران لە هەرێمی کوردستان گیانی لەدەستدا.
سەرۆکی ئەمریکا لەسەر ئەو زیانە گیانییانە هۆشدارییەکی تووندی داوەتە تاران و بەڵێنی داوە: "هەموو جارێک ئێران سەربازێکی ئەمریکی بکوژێت، باجەکەی چەندین هێندە دەدات."
لە بەرامبەر ئەمەشدا، ئێران هێرشەکانی بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا و وڵاتانی هاوپەیمانی لە کوێت، بەحرێن، ئوردن و سووریا چڕتر کردووەتەوە. کوێت کە یەکێکە لەو وڵاتانەی میوانداریی دامەزراوە سەربازییەکانی ئەمریکا دەکات، پشکی شێری بەرکەوتووە لەم هێرشانەی دواییەی ئێران لە ناوچەی کەنداو و بەردەوام رووبەڕووی هێرشی درۆنی و مووشەکی دەبێتەوە.


